بەڕێوەبەری ناحیەی شێخ تەویل بە شێوەیەکی کاتی کرایە قایمقامی کەلار
رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دانا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی شێخ تەویل بەشێوەیەکی کاتی لە شوێنی شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار دادەنرێت. گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان دەڵێت، شەهاب ئەحمەد خانەنشین دەبێت.
رۆژی یەکشەممە، (28-01-2024) چۆمان ئەحمەد، گوتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە گوێرەی یاسا شەهاب ئەحمەد کاتی خانەنشینبوونی بوو، بۆیە بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ، دانا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی شێخ تەویل کاروبارەکانی قەزاکە بەڕێوەدەبات، تاوەکو بە فەرمی قایمقامێک دیاری دەکرێت."
دانا ئەحمەد لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە گوێرەی فەرمانێک لە 2ـی ئەم مانگەوە سەرەڕای کارەکەی خۆم، کارەکانی قایمقامییەتی کەلاریش بەڕێوەدەبەم."
شەهاب ئەحمەد لە ساڵی 2015ـەوە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی قایمقامی قەزای کەلاری وەرگرتووە. چۆمان ئەحمەد گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی فەرمانی خانەنشیبوونی شەهاب ئەحمەد نەگەڕاوەتەوە، بەڵام دانا ئەحمەد دەستبەکار بووە و ئەو کارەکانی قایمقام بەڕێوەدەبات.
ناحیەی شێخ تەویل سەربە قەزای کەلارە، دانا ئەحمەدیش لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە.