ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە کەمپی هۆل بەدوای شانە نووستووەکانی داعشدا دەگەڕێت
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان ئۆپەراسیۆنێکیان لەنێو کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکە دەستپێکرد، بە مەبەستی گەڕان بەدوای شانە نووستووەکانی داعش لەنێو کەمپەکەدا.
ئۆپەراسیۆنەکە، کە سێیەم ئۆپەراسیۆنی هێزەکەیە لەنێو کەمپەکەدا، لەژێر ناوی (ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی) بەڕێوەدەچێت و یەکینەکانی پاراستنی ژنان - یەپەژە تێیدا بەشدارە.
فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رایگەیاند، "ئیدارەی خۆسەر و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی لە ساڵانی رابردوودا هەموو بارگرانییەکانی پەیوەست بە رێگریکردن لە زیادبوونی مەترسییەکانی تیرۆری لە کەمپی هۆل لەئەستۆ گرتووە."
لە 28ی ئازاری 2021 ئۆپەراسیۆنی یەکەمی مرۆیی و ئەمنی دژی شانەکانی داعش لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، هەسەدە و یەپەژەوە دەستیپێکرد. ئۆپەراسیۆنەکە پێنج رۆژی خایاند و 125 ئەندامی شانە نووستووەکانی داعش دەستگیر کران.
قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکە لە 25ی ئابی 2022 دەستیپێکرد و 24 رۆژی خایاندووە. تائێستا لە کەمپەکەدا 226 ئەندامی داعش دەستگیر کراون.