پارتێکی ئەڵمانی: ئەمریکا کورد دەکاتە قوربانی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز لە دیمەشق

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوە لە هاوپەیمانیی زارا ڤاگێن-کنێشت لە ئەڵمانیا رەخنەی تووند لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان دەگرێت و دەڵێت، واشنتن جارێکی دیکە کوردی بۆ بەرژەوەندیی حکومەتی ناوەندیی دیمەشق بە تەنیا جێهێشت.
 
رۆژی چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، میشایەل لودەرس لە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن پارتەکەیەوە بڵاوکرایەوە رایگەیاند، کورد بۆ ماوەی چەندین ساڵ "کارە قورس و پیسەکانیان" لە سووریا ئەنجامدا؛ "ئەوان شەڕی داعشیان کرد، رووبەڕووی رژێمی ئەسەد وەستانەوە و ناوچەیەکی فراوانیان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کۆنترۆڵ کرد، بەڵام بۆ ئەمریکا تەنیا تاوەکو ئەو کاتە گرنگ بوون کە پێویستی پێیان بوو".
 
لودەرس ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا ئەمریکا گۆڕانکاریی لە سیاسەتی دا کردووە و "گرەو لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز لە دیمەشق دەکات"، بۆ ئەم مەبەستەش بەرژەوەندیی کوردەکانی کردووەتە قوربانی. دەشڵێت، "سوپای سووریا لە پێشڕەویدایە و ناوچەکانی رۆژئاڤا کە پێشتر هێمای خۆبەڕێوەبەری بوون، ئێستا بە سیستماتیک گوشاریان دەخرێتەسەر و پاشەکشەیان پێ دەکرێت".
 
ئەم پسپۆڕە ئەڵمانییە جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا بە "ئاشکرا پشتگیری لەم هەنگاوەی نوێیەی ئەمریکا دەکات"، چونکە ئەنقەرە هەر جۆرە "خۆبەڕێوەبەرییەکی کوردی" وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەبینێت.
 
رۆژی 6ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود کرد. دواتر، هێزەکە توانیان گەڕەکەکان کۆنترۆڵ بکەن و بەهۆی هێرشەکەشەوە سەدان کەس کوژران و هەزارانی دیکەش ئاوارە بوون. 
 
دوای هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانە، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیان کردە سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەو ناوچانەشیان کۆنترۆڵ کردووە.