یەکەمین رۆژی کۆڕبەندی هەولێر بەڕێوەچوو


رووداو دیجیتاڵ

یەکەمین رۆژی کۆڕبەندی هەولێر بەڕێوەچوو. کۆڕبەندەکە لە رۆژانی 2 و 3ـی ئادارا بەردەوام دەبێت و چەندین دیدار، مێزگرد و پانێڵ لەبارەی مژارە گەرمەکانی کوردستان و جیهان بەڕێوەدەچن.
 
ئاشا کاسلبێری، شارەزایەکی ئەمنیی ئەمریکییە، باسی مەترسییەکانی داعش و نەوەی نوێی داعش لەسەر هەموو جیهان دەکات و دەڵێت، "ئەوەی گرنگە لێرە ئەوەیە کە تەبایی و ئاشتەوایی لەنێوان هێزە چەکدارە جیاوازەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هەیە. بۆ ئەوەی بچینە پێشەوە نابێت چالاک نەبین و رێگە بۆ داعش خۆش بکەین خۆی رێکبخاتەوە." 
 
لە ژوورێکی دیکەدا و لە مێزگردێکی دیکەدا، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، مەترسیی و هەڕەشەکانی لەسەر ژیانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها کێشەی ئاو بابەتی گفتۆگۆی پسپۆڕانی نێوخۆیی و بیانی بوو.
 
لاورا بریکمان، سەرۆکی بەرنامەی کەشوهەوا و ئاسایش لە سەنتەرێکی توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە مێزگردەکە کۆمەڵێک پلانی کورتمەودا و دوورمەودای باسکرد کە پێویستە عێراق هەرچی زووە هەنگاوی بۆ بنێت. 
 
لاورا بریکمان باسی لەوە کرد، "بۆ ئەوەی تیشک بخەینەسەر مەترسییە سەرەکییەکان؛ ئەم ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و زانیارییانە گرنگە. گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییەک نییە لەخۆیەوە دروستبووبێت، بەڵکو هۆکارەکەی مرۆڤە و حکومەتەکانە و چەند ئاڵنگارییەکی دیکەش."
 
لە یەکەم رۆژی کۆڕبەندی هەولێر شەش مێزگردی داخراو بەڕێوەچوون، هەر مێزگردێک ماوەی دوو کاژێر و 30 خولەک بوو. جیا لە گۆڕانی کەشوهەوا و ئەمنییەت؛ چوار مێزگردەکەی دیکە ناونیشانیان بەمشێوەیە بوو:
 
- بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران
- گۆڕانکارییەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
- داهاتووی گەنج
- ئازادیی ئایینی و داهاتووی مافی مرۆڤ 
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گوتی، "گفتوگۆکان باش و بەرهەمدار بوون بەتایبەت ئەوەی لەسەر نەوەی دووەمی داعش کرا گفتوگۆی چڕوپڕ کرا لەوبارەیە." 
 
ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە هاوبەشیی 15 ناوەند و دامەزراوەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کۆڕبەندی هەولێر بەڕێوەدەبەن.