60 هەزار خێزان لە کەرکووک چاوەڕێی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتین

رووداو دیجیتاڵ
 
لە پارێزگای کەرکووک، 60 هەزار و 85 خێزانی کەمدەرامەت و نڤیشکان چاوەڕێن ناویان بۆ مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بگەڕێتەوە. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد یەحیا، بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای کەرکووک ئەمەی بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند.
 
ئیستا 47 هەزار خێزان لە پارێزگای کەرکووک مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن. بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، ئەوانەی کە ئێستا چاوەڕێ دەکەن، هەموو رێکارە کارگێڕییەکانیان بۆ تەواوکراوە.
 
 لە ئایاری ساڵی رابردوو، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، 163 هەزار سەرپێچیان ئاشکراکردووە کە بەشێوەیەکی نایاسایی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە، رۆژانە لەسەر سەرپێچییەکان ئاگادار دەکرێنەوە.
 
بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، هۆبەی یاسایی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە 1ی کانوونی دووەمی 2024ـەوە تائێستا 157 سکاڵای تۆمارکردووە لەسەر ئەوانەی بە نایاسایی مووچەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە و پارەکانیان نەگەڕاندووەتەوە، کە کۆی گشتی پارەکە دەگاتە 427.589.000 دينار.
 
ئەحمەد یەحیا دەشڵێت، دەبێت وردبینی لە سەرجەم داتا و زانیارییەکانی مووچەخۆرانی چاودێریی کۆمەڵایەتی بکرێت، زانیارییەکان چێک و بەراورد بکرێن تاوەکو دڵنیابن لەوەی ئەمانە مووچەی دیکەیان نییە. 
 
ناوبراو داوا لەو کەسانە دەکات کە سەرپێچی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیان کردووە، بە پەلە دەستبەرداری مووچەکانیان بن، تاوەکو پارەیەکی زیاتر نەکەوێتە ئەستۆیان و رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاساییش نەبنەوە.
 
بەپێی دوایین ئاماری حکومەتی عێراقی زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریین.