حکومەتی عێراق تەلبەندکردنی سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران رادەگرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەلبەندکردنی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران راگرتووە.
 
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 28ی شوباتی 2024، ئەم زانیارییەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند.
 
کاروان یاروەیس گوتی، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ تووندوتۆڵ بکات بە جۆرێک لە هەندێک شوێن کۆنکرێت و لە هەندێک شوێنی دیکە تەلبەندی بکات، ئەوەش "بۆ پاراستنی سنوور و رێگریکردن لە قاچاخچییەتی، دزەکردن و هەر هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ".
 
ماوەیەکە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لە رێگەی بەڵێندەرێکی عەرەبەوە لە ناوچەی گەرمیان دەستی بە تەلبەندکردنی سنوور لەگەڵ ئێران کردووە، بەتایبەتی لە سنووری ناحیەی قۆرەتوو کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیان. بڕیاربووە تەلبەندکردنەکە درێژ ببێتەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی بیارە و تەوێڵە لە هەورامان تا دەگاتە پێنجوێن.
 
لەمبارەیەوە، کاروان یاروەیس باسی لەوە کرد، "بەهۆی تەلبەندکردنەکەوە خاک و زەوییەکی زۆری هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دیوی ئێران، بەوەش جووتیاران ناتوانن بچنە ئەوبەری تەلبەندەکە لە کاتێکدا زەوی و خاکی خۆیانە".
 
هەروەها هۆشداریدا لەوەی، تەلبەندەکە رێگری دەکات لە سوودوەرگرتن لە رووبارەکان و هەندێک ناوچەی شوێنەوارییش دەکەونە ئەودیوی تەلبەندەکانەوە. بەم شێوەیە هەرێمی کوردستان خاکێکی زۆر لەدەستدەدات. هەرچەندە بەرپرسانی عێراق دەڵێن ئەمە کێشانی سنوور نییە، بەڵام ترس هەیە ئەمە ببێتە دیفاکتۆ و خاكێکی زۆر بکەوێتە نێو ئێران.
 
بەگوتەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی، دوای هەوڵدانێکی زۆر و ناڕەزایی خەڵکی زۆری ناوچەکە، یاداشتێک گەڵاڵە کرا و دوێنێ سێشەممە، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق یاداشتەکەی رادەستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و ئەویش رەزامەندی داوە تەلبەندکردنەکە رابگیرێت.