بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە هەولێر 6 هێرشی پووچەڵ کردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای دژەتیرۆری کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لەکاتی زەنگی ئاگادارکردنەوەدا خۆیان بپارێزن. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداویش، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ 6 هێرش لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکاوە بەرپەرچدراونەتەوە.
 
رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026، دەزگای دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، ''لە کاتی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە، لە شوێنی گونجاو و شیاو خۆیان بپارێزن، تاوەکو لە کاتی بەرپەرچدانەوەی تەنەکان لە لایەن سیستمی بەرگرییەوە دووچاری زیانی گیانی و رووداوی نەخوازراو نەبنەوە."
 
دژەتیرۆر رایگەیاندووە، ئامانجیان لەو هۆشدارییە لەبەر ئەوەیە کە "لە چەند شوێنێک پارچەی تەنە تێکشکاوەکان کەوتوونەتە خوارەوە."
 
هاوکات هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا شەش جار هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و کونسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر."
 
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی پەیامنێری رووداو، هێرشەکان بە 27 درۆن و مووشەک کراون، بەڵام بەرپەرچی هەمووی دراوەتەوە و هیچیان نەکەوتوونەتە خوارەوە.
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانیان لە هەولێر، هێزەکانی ئەمریکا ئەم دوو سیستەمە بەرگرییەیان بەکارهێناوە:
 
- سیستەمی (سی-رام)
 
ئەمە دیارترین سیستەمە، ئەو دەنگە بەردەوامەی وەک "تەقەی زنجیرەی یەک لەدوای یەک" دێت.
 
کاری ئەم سیستمە بەرگرییە، تێکشکاندنی مووشەکی کاتیۆشا و درۆنی بچووکە لە مەودای نزیکە.
 
- سیستەمی (پاتریۆت)
 
ئەمریکا لە ساڵی 2020ـەوە (دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد) سیستەمی پاتریۆتی لە هەولێر جێگیر کردووە. ئەمە بۆ تێکشکاندنی مووشەکی بالیستی (وەک فاتیح یان ذولفەقار) بەکاردێت.