محەممەد حاجی مەحموود: ئەمریکا هەڵەیەکی ستراتیجیی گەورەی کرد
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حاجی مەحموود سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و هۆشداری دەداتە رەزا پەهلەوی، کوڕی دوایین شای ئێران و رایدەگەیێنێت، "ئەگەر ئەمریکا پشتیوانیی کوڕی شا بکات، ئێمە دژی هەردووکیان سەنگەر دەگرین."
رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکە رایگەیاند، "کاژێر 9ـی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەرامبەردا ئێران وەڵامی تووندی دایەوە و لە بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی دا. ئێمە سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژی و شەڕفرۆشتنەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەین."
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات، ئەمریکا و ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت و دەڵێت، "ئەو دوو وڵاتە بوونەتە سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوەی ناوچەکە. ئەمریکا هەڵەیەکی ستراتیجیی گەورەی کرد و ئەمجارە وەستاندنی شەڕەکە لە دەستی ئەواندا نابێت."، هیواش دەخوازێت هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت ''لەو شەڕەی ئەمریکا هەڵگیرساندووە.''
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەد حاجی مەحموود هێرشی تووندی کردە سەر رەزا پەهلەوی، کوڕی دوایین شای ئێران، کە بەم دواییە هەڕەشەی بەکارهێنانی سوپای لە دژی هاوپەیمانیی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو.
محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت، "کوڕەکەی شا هێشتا نەگەیشتووە و شۆرتی لەپێدایە، کەچی لە مەلەوانگەکانی ئەمریکاوە هەڕەشە لە کورد دەکات. ئێمە خێرمان زۆر لە باوکی بینی تاکو نۆرەی کوڕەکەی بێت؛ باوکی رێککەوتنی 1975ـی کرد."
محەممەد حاجی مەحموود جەختی کردووەتەوە کە رەزا پەهلەوی ناتوانێت پێ بخاتە خاکی ئێرانەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێ لە ئەمریکا بمرێت."
هەروەها هۆشداریی دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، "ئەگەر ئەمریکا پشتیوانیی کوڕی شا بکات، دەبێت ئێمە سەنگەرێک دژی ئەمریکا و کوڕی شا بگرین، چونکە کورد هێندەی خێر لە باوکی نەبینیوە تاوەکو لە کوڕەکەی ببینێت."