سیستمی بەرگریی هاوپەیمانان ژمارەیەک درۆن و مووشەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تێکدەشکێنێت
رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە هەولێر دەڵێ، چەند جارێک هێرشی درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەنجامدرا، بەڵام هەموو تەنە ئاراستەکراوەکان تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر لەبارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ چەند هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرا، بەڵام لە رێگەی سیستمی بەرگریی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە هەموو تەنەکان لە ئاسمان تێکشکێندران و خرانە خوارەوە."
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، سیستمی بەرگریی هاوپەیمانان لەگەڵ ئەنجامدانی هەر هێرشێک کارا دەبێت و ئەو تەنانە دەخاتە خوارەوە کە بنکەکەی هاوپەیمانان دەکاتە ئامانج.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشکرد: "فڕۆکەخانە و ماڵەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانە سەلامەتن و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە."
هاوکات دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026، کاژێر 13:25، هێزەکانی هاوپەیمانان ژمارەیەک مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە پارێزگای هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە.
وەک دژە تیرۆری کوردستان دەڵێ، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێ نەکەوتەوە.