کرێکارێک لەکاتی کارکردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ
 
 بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رووداوەکە لە شوێنی وەستانی ئامێرەکان روویداوە. گەنجەکە لەکاتی کارکردن لە مەکینەی یەکێک لە ئامێرەکانی پانکردنەوە، کاتێک بەرزی کردووەتەوە بۆ ئەوەی کاری تێدا بکات، مەکینەکەی بەسەردا بەردەبێتەوە و بەر سەری دەکەوێت و بریندار دەبێت و پاشان گیان لەدەست دەدات.
 
رووداوەکە لە دەوروبەری کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ بووە، گەنجەکە خەڵکی قەزای دووکانە، ناوی (ئارام سالار نەجیم)ـە و ماوەی مانگێک دەبوو لەگەڵ کۆمپانیای دەلۆ کاری کردووە، کە کاری بڕین، تێکەڵەڕێژکردن و پڕکردنەوەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دەکات کە بە ئۆتۆبانی بابان ناسراوە.
 
سالار نەجیم، باوکی گەنجەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کوڕەکە کوڕە گەورەی بووە و پێشتر خێزاندار بووە، بەڵام جیابوونەتەوە.
 
بەپێی گرێبەستی کۆمپانیای قەیوان لەگەڵ کۆمپانیاکە، سەلامەتیی کارمەندانی و هەر رووداوێک لە شوێنی رووداو رووبدات، لە ئەستۆی ئەو کۆمپانیایەیە کە قەرەبووی بکاتەوە. 
 
باوکی ئارام لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکە گوتی، "زانیاریم لەسەر شوێنی رووداوەکە نییە، هێشتاش تەرمەکەم نەبینیوە بۆ ئەوەی بزانم شێوازی بەرکەوتنەکەی چۆنە، من لە دووکان بووم، تەنیا زانیاریی ئەوەیان پێدام کە کوڕەکەم بەر عادیلە کەوتووە."
 
ئێستا تیمەکانی بەڵگەی تاوان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
 
رۆژی 11-7-2020 لە سلێمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی دانا. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش ئەو کات رایگەیاند، ئەو پرۆژەیە تاوەکو 20 ساڵی دیکە کێشەی جەنجاڵیی هاتووچۆ لە شارەکە چارەسەر دەکات.