گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر: هەندێک شۆفێر بۆ بەنزین دەستکاریی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر هۆشداری دەدات لە دەستکاریکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل و دەڵێت، هەر کەسێک بۆ وەرگرتنی بەنزین تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی بگۆڕێت، سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی ئاداری 2022، فازل حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکە گۆڕینی تابلۆ و زیادکردنی ژمارە بۆ تابلۆکان لە نێو شاری هەولێر لە لایەن شوفێرانەوە پەیدابووە؛ هەر رۆژێک سەرەی ئۆتۆمبێلی ژمارە تاک بێت، ئەوە شوفێران دەڕۆن ژمارەیەکی تاک بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان زیاد دەکەن. ئەو رۆژەش سەرەی ئۆتۆمبێلی جووتە هەر بە هەمانشێوە".
رۆژی چوارشەممە 16ی ئاداری 2022، ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروستنەبێت لە کاتی وەرگرتنی بەنزین، بە سیستمی تاک و جووت و جیاکردنەوەی بەنزینخانەکان دەستدەکرێت بە دابەشکردنی بەنزین؛ بۆ ئەو مەبەستە رۆژی پێنجشەممە 24-03-2022 لە شاری هەولێر کار بە سیستمی تاک و جووت بۆ دابەشکردنی بەنزین بەسەر شۆفێران کرا؛ 14 بەنزینخانە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراون؛ 6 بەنزینخانە بۆ تاکسی و بەنزینخانەیەک بۆ پاس، 7 بەنزینخانەش بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت.
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتی: "داوا لە خەڵک دەکەین دەستکاری تابلۆ نەکەن بەمەبەستی وەرگرتنی بەنزین، چونکە فێڵەکە ئاشکرایە و بە کامێرای بەنزینخانەکان هەمووی تۆماردەکرێت؛ دەبێت ئاگادار بن ئەوە لەخانەی سەرپێچی دەردەچێت و دەچێتە خانەی تاوان، چونکە بە ساختەکاری هەژمار دەکرێت و ئەنجامدەرەکەی سزا دەدرێت".
فازل حاجی ئاشکرای کرد: "ئەمڕۆ دووشەممە شوفێری تاکستییەک ژمارەیەکی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی زیاد کردبوو لە پێنج ژمارە ببووە شەش ژمارە، بەڵام سزادراوە، چونکە هێشتا شەش ژمارە نەهاتووە بەوە ئاشکرا کراوە کە دەستکاری ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەی کردووە."
سەبارەت سزای ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن، فازل حاجی گوتی: "دوو جۆرە سزا هەیە؛ راستەوخۆ لەسەر گۆڕینی تابلۆ بە بڕی 40 هەزار دینار سزا دەدرێت. سزای دووەمیش ئەوەیە ئەو کەسە دواتر دەدرێتە بەشی یاسایی و ئەو بەشەش دەیداتە دادگا و رووبەڕووی سزا دەبێتەوە".
هەر لەو بارەوە، عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، گوتەبێژی هاتووچۆی گشتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند،: "هەر کەسێک دەستکاری ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەی بکات بەگوێرەی یاسا بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت".