قەیوان گرووپ: حکومەت هیچ بڕە بودجەیەکی بۆ تەواوکردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بۆ خەرجنەکردووین
رووداو-هەولێر
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای قەیوان دەڵێت: "دوای ئەوەی لە 12ی ئاداردا کارەکانمان راگرت، بەڵێنمان پێدرا کە بەشێک لە شایستە داراییەکانمان بۆ خەرجبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە بودجەیەکمان بۆ خەرجنەکراوە، سەڕەرای ئەوە، ئێمە لە کارەکانمان بەردەوامین."
دوای ئەوەی دەنگۆی دووبارە راگرتنی کارەکانی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بڵاوبووەوە، ئەمڕۆ 28ی ئاداری 2022، دلێر کەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای قەیوان گرووپ بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە 12ی ئادار کارەکانمان لە شەقامەکە راگرت؛ لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لەسەر هێڵ بوو لەگەڵماندا و پێی راگەیاندین کە لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت قسەی کردووە و بەڵێندراوە بودجەیەکی دیاریکراومان بۆ خەرجبکرێت؛ بۆیە 13ی ئادار دەستمان بە کارەکانمان کردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە بودجەیەکمان بۆ خەجنەکراوە."
کۆمپانیای قەیوان گرووپ کە کاری تەواوکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەئەستۆدایە تاوەکو 1ی نیسان مۆڵەتیان بە حکومەت داوە بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانیان بۆ خەرجبکرێت؛ لەو بارەوە دلێر کەمال گوتی: "ئێمە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمان، کارەکانمان لە شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەردەوام دەکەین بۆ ئەوەی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواوببێت."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای قەیوان گوتیشی: "قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە کە تەندەرینی بۆ کراوە لە 34 کیلۆمەتر پێکدێت؛ قۆناخی دووەم کە 33 کیلۆمەترە حکومەت هیچ تەندەرێکی بۆ دەرنەکردووە و هیچ بڕیارێکی جێبەجێکردنی نەداوە؛ ئەوەی لەسەر قەیوانە تەواوکردنی شەقامەکەیە".
رۆژی 11-07-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک وەزیر و پارێزگاری سلێمانی، بەردی بناخەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دانا؛ بڕیارە پڕۆژەکە تاوەکو رۆژی 30-8-2023 تەواو ببێت کە دەگاتە 1100 رۆژ، گوژمەی پرۆژەکەش 400 ملیار دینارە.
ئۆتۆبانی بابان یان شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بریتییە لە دروستکردنی رێگەیەکی خێرای 100 مەتری؛ درێژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەکییەکانی 146 کیلۆمەترە کە لە تاسڵوجەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە دەمرکان نزیک شارۆچکەی عەربەت.
پڕۆژەکە چوارسایدی ھاتن و رۆشتن لە خۆدەگرێت کە پانیی سایدی سەرەکی 21 مەترە و سایدی خزمەتگوزاری نۆ مەترە، دوو سایدیان بۆ رۆیشتن و دووانیان بۆ ھاتن بەکاردەھێندرێت.