کەشناسی: لە پارێزگای سلێمانی باران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەکانی بەشێک لە پارێزگای سلێمانی، گەرمیان و لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبارێت و تاوەکو سبەی بەردەوام دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەمڕۆ سێشەممە 28-03-2023 ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت و لەدوانیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ بارانبارین بەتایبەتی لە ناوچەکانی بەشێک لە پارێزگای سلێمانی، گەرمیان و ناوچە شاخاوییەکان. لەکاتەکانی ئێوارەشدا بەگشتی ئاسمان بۆ نیمچە هەور و ساماڵ دەگۆڕێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، سبەی بەگشتی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بێت، بەڵام ناوچەشاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت.
هەر بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا ئەگەری شەستەباران هەیە لە بەشێک لە ناوچەکان بەتایبەت ئاکرێ، شیلادزێ، ئامێدی، بارزان و دێرەلوک لە کاتى بارانبارینیشدا هەورە بروسکە دەبێت.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ ئەمشەویش کاریگەری بارانبارین لە سلێمانی بەردەوام دەبێت، بۆ سبەی تاڕادەیەک کەشوهەوا جێگیر دەبێت، بەڵام سبەی لە سنووری پارێزگای دهۆک بارانی بە لێزمە دەبارێت، بەتایبەتی لە کاتەکانی ئێوارەدا.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان سبەی چوارشەممە بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما (1 بۆ 2 پلە) بەرزدەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 21
سلێمانی: 20
دهۆک: 17
کەرکووک: 22
هەڵەبجە: 20
زاخۆ: 18
سۆران: 17
گەرمیان: 25