بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: پێنج حیزب لیستی بەربژێرانیان پێشکێشکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆن دەڵێت، تاوەکو ئێستا پێنج حیزب و دوو هاوپەیمانی لیستی بەربژێرانیان پێشکێشکردووە، گوتیشی، رۆژی هەینی لە ئۆفیسن و چاوەڕێی سەردانیکردنی لایەنە سیاسیەکان دەکەن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-03-2024، خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیکرد رایگەیاند، ''لە سنووری دهۆک، پێنج لایەنی سیاسی لیستی بەربژێرانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکێشکردووە."
 
بەگوتەی خالید عەباس ئەو پێىج حیزبە بریتین لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هاوپەیمانیی نیشتمانی، بەرەی گەل و نەوەی نوێ. گوتیشی، دوو هاوپەیمانیی کوردستان و سەردەمیش لیستی بەربژێرانیان پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە.
 
هاوپەیمانیی کوردستان کە لە سێ لایەنی سیاسیی حزیبی شیوعی، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێکهاتووە، بەگوتەی خالید عەباس، ناو و بەڵگەنامەی 14 بەربژێریان پێشکێشکردووە.
 
هاوکات هاوپەیمانیی سەردەم کە پێکهاتووە لە پارتی رەنجدەرانی کوردستان، پارتیی پارێزگاران و یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، ناو و بەڵگەنامەی شەش بەربژێریان پێشکێشکردووە.
 
پێشکێشکردنی ناوی ئەو بەربژێرانە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024 دوایین رۆژ بوو بۆ پێشکێشکردنی لیستی بەربژێران لەلایەن حیزب و هاوپەیمانیێتییەکانەوە، بەڵام ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا، وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێران بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، واتە تاوەکو 31ـی ئادار درێژبکرێتەوە.
 
 
خالید عەباس ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی هەینیش لە لقی دهۆکی کۆمیسیۆن دەوام دەکەن و چاوەڕێی سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان و پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێرانیانن. 
 
وەک بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، بەگشتی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی 40 هەزار فەرمانبەر لە رێگەی ئۆنڵاینەوە وەردەگیرێن کە 10 هەزار بۆ 11 هەزار کەسیان لە سنووری پارێزگای دهۆک دەبن.
 
خالید عەباس ئاماژەی بەوەشکرد، دوای وەرگرتنی فەرمانبەرەکان، راهێنانیان پێدەکرێت و دواتر پشکنین بۆ ئامێرەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
 
بڕیارە 10 حوزەیرانی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئامادەکارییەکان لەکاتێکدان کە پارتی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن مەرجی خۆی هەیە و دەڵێت تاوەکو مەرجەکانی جێبەجێ نەکرێن، بەشداری ناکات. 
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە چوار بازنە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) دەبێت، 100 کورسییەکەی پەرلەمانیش بەمشێوەیە بەسەر بازنەکاندا دابەشکراوە (سلێمانی 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 کورسی و هەڵەبجە 3 کورسی).