گرانیی کرێ هەڕەشەی داخستن لە دووکانی پیشەوەرەکانی مەریوان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەستا ئیقباڵ بۆیاخچییەکی دیاری نێو ناوچەی پیشەسازیی مەریوانە. لەچاو هاوپیشەکانی بازاڕی باشە، بەڵام بەو حاڵەشەوە کرێی دووکان تەنگی پێ هەڵچنیوە. ئەو دەڵێت، ساڵانە کرێی دووکانی لەسەر گران دەکرێت و ئیدی وای لێهاتووە، داهاتی بەشی دابینکردنی کرێ ناکات و خەریکە ناچار بێت، واز لە پیشەکەی بهێنێت.
 
پیشەوەرانی ناوچەی پیشەسازیی مەریوان لە نامەیەکدا بۆ قایمقام و بەرپرسانی دیکەی شارەکە داوایانکردووە، کێشەی کرێیان بۆ چارەسەر بکەن و هۆشدارییان داوە، ئەگەر کرێ هەروا بەرز ببێتەوە، ناتوانن کار بکەن. 
 
ناوچەی پیشەسازیی مەریوان زیاتر لە 500 دووکانە. 70٪ی پیشەوەرانی ئەو ناوچەیە کرێچین و 30٪یان لە دووکانی خۆیاندا کار دەکەن. کرێچییەکان دەڵێن، خاوەن دووکانەکان لەکاتی نوێکردنەوەی گرێبەستدا داوای کرێی زیاتر لە 100٪یان لێدەکەن. 
 
ناسر زەحمەتکێش، فیتەرە، دەڵێت: "ئەم دووکانەی منی تێدام، خاوەنەکەی داوای هەشت ملیۆن دەکات، زۆرم بۆ هاتووە و ناتوانم، هەشت بە کرێ ماڵ بدەم و بە کرێ دووکانیشی بدەم؟ داوا لە بەرپرسان دەکەم ئاوڕێک لەم دۆخە بدەنەوە."
 
هەڵکشانی کرێی دووکان، کاریگەری لەسەر نرخی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان داناوە و ئەوەش بووەتە مۆتەکەیەک بۆ ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان تێکدەچێت.
 
هاونیشتمانییان دەڵێن، هەر جارێک دەچنە ناوچەی پیشەسازی، حەقدەست و نرخی کەلوپەل گرانتر بووە.
 
بەرپرس و دامودەزگا حکومییەکانی مەریوان بەڵێنی زارەکییان بە پیشەوەرە کرێچییەکانی شارەکە داوە، بەدواداچوون بۆ کێشەکەیان بکەن، بەڵام هێشتا وەڵامێکیان لێ نەگێڕاونەتەوە و خاوەن دووکانەکانیش لە داواکارییەکەیان پاشگەز نەبوونەتەوە. ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، رەنگە بەشێک لەو دووکانانە بەزوویی چۆڵ بکرێن.