وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
پاش چەند کاژێرێک لە راگەیاندنی لیستی سەرەکی مووچەخۆران، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و سەرۆکایەتییەکانی راگەیاند.
پێشتر وەزارەتی دارایی رایگەیاندبوو، لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی ئەو شوێنانە بڵاودەکاتەوە کە لە لیستەکەی ئەمڕۆدا ئاماژەیان پێ نەکرابوو.
لە لیستی مووچەدا، ئاماژە بە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان، یەکەی 70 و 80ـی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی دامودەزگە نەوتییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رەگەزنامە، فەرماندەیی زێرەڤانی و هێزی بەرگری و فریاکەوتن، ئەنجوومەن و دەزگەی ئاسایش، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران نەکرابوو.
ئێستا ئەو شوێنانە هەموویان ئاماژەیان پێکراوە.
هەروەها وەزارەتی دارایی باسی لەوە کردبوو، "سەبارەت بە مووچەی مانگی شوباتی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەکان و هەموو ئەو شوێنانەی ناویان لە لیستی مووچەی رۆژی 28ی ئەم مانگەدا نەهاتبوو، هەموولایەک دڵنیادەکەینەوە کە لە نزیکترین کاتدا خشتەی مووچەکانیان بڵاودەکەینەوە و لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی مانگی شوباتی سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەران دابەش دەکرێت".
تائێستاش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ناردنی پارەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
لەسەر داواى وەزارەتى دارایی عێراق، لیستى ناوى هێزە ئەمنییەکان کە بە کۆد ئامادەکراوە، لەلایەن دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستانەوە بۆ ماوەى دوو رۆژ وردبینی کراوە و نێردراوە بۆ بەغدا، بەڵام پارەکەیان کە زیاتر لە 350 ملیار دینارە نەنێرداوە و لە لیستى دابەشکردنى مووچەدا نەبوون، تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایی عێراق ئامادە نییە بە لیستى کۆد پارەى هێزە ئەمنیەکان بینرێرێت.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتوون، وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدڕاڵى داواى کردووە، لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان و ئەو شوێنانەى کە ماون و ناوەکانیان بە کۆد نێردراوە بۆ بەغدا، لەلایەن دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستانەوە وردبینى بکرێت و بۆیانى بنێرن.
پرۆسەى وردبینى لەو لیستانەى کە ناوەکانیان بەکۆد بووە، دوو رۆژى خایاندووە و و دواى تەواوکردنى لەلایەن دیوانى چاودێریى داراییەوە، لە 27ى ئادارى 2024 نێردراوە بۆ وەزارەتى دارایی عێراق کە دەبوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ى ئادارى 2024 ئەو بڕە پارەیەى دیکە بنێردرایە کە ماوە، بەڵام نەنێردراوە.
بڕیارە لە رۆژى شەممەوە دابەشکردنى مووچەى مانگی شوبات دەستپێبکات، بەگوێرەى ئەو لیستەى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، جگە لە وەزارتى پێشمەرگە، چەند هێزێکى دیکەى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان ناویان لە لیستی مووچەدا نییە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بەتۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو شوێنانەى ناویان بڵاونەکراوەتەوە ئەوانەن کە بەغدا پارەکەى نەناردوون کە تێکڕاى پارەکانیان زیاتر لە 350 ملیا دینارە.