ئاماری یەک مانگ؛ هەرێمی کوردستان بە 460 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە بۆ ئەمڕۆ 28ـی ئادار، هەرێمی کوردستان بە 460 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی ئامارە کۆکراوەکە، زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر هەولێر و دەوروبەری بوون کە زیاتر لە 355 درۆن و مووشەک بوون، دواتر سلێمانی بە زیاتر لە 90 درۆن و مووشەک، پاشان دهۆک بە حەوت درۆن و پارێزگای هەڵەبجەش لە یەک هێرشدا دوو درۆن بۆسەری بەکارهێندراوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، بەراورد بە چەند هەفتەی پێشتر، لە سێ رۆژی رابردوودا هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان دژی هەرێمی کوردستان کەم بوونەتەوە.
 
نوێترین ئەو هێرشانەی دژی هەرێمی کوردستان کراون ئەمانەن:
 
ئەمڕۆ نزیک کاژێر 10:30ـی بەیانی، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر هەولێر. بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی بۆ رووداو نێردراوە، درۆنەکە لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە لە ئاسمان تێکشکێندراوە و خراوەتە خوارەوە.
 
- شەوی رابردوو نزیک کاژێر 12:00، دوو دەنگی بەرز لە سنووری قەزای خەلیفان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بیسترا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دەنگەکان بەهۆی کەوتنە خوارەوەی دوو درۆن بوون نزیک یەکێک لە گوندەکانی دۆڵی بیاو لە سنووری خەلیفان و زیانی گیانی نەبووە.
 
- بەرەبەیانی 27ـی ئادار، درۆنێک لە شاری سلێمانی کەوتە خوارەوە و ئاگری لێ بەرزبووەوە. دیارنییە زیانی گیانی هەبووە یان نا.
 
- نزیک کاژێر 01:30ـی بەرەبەیانی هەینی 27ـی ئادار، دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە سنووری هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە بیسترا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە بەرپرسانی ناوچە وەریگرتوون، هیچ مووشەک و درۆنێک لە سنوورەکەی نەداوە و دەنگەکە بەهۆی بۆردوومانێکەوە بووە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە و بۆسەر سەربازگەکانی ئێران.
 
- شەوی 26ـی ئادار نزیک کاژێر 12:00 دەنگێکی بەرز لە هەولێر بیسترا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، درۆنێک بوو لە نزیک یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبووە.
 
- بەرەبەیانی 26ـی ئادار، بە دوو مووشەک هێرش کرایە سەر ناوچەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی، کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ماڵباتەکانیان لەو ناوچەیەدان.
 
کۆی ئامارەکان
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە بە 460 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، لەو ماوەیەدا 358 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون؛ 93 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون؛ هەروەها حەوت درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتوونەتە خوارەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 85 کەسیش بریندار بوون.
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە بەشێکی دیکەی بریندارەکان بوون.
 
هەر لەنێو بریندارەکان 13 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون.
 
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
 
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
 
پارێزگای هەولێر
 
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگای سلێمانی
 
سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
 
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و سنووری ئاکرێ و سنووری بەردەڕەش.
 
‎هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە بۆردوومان کراون.
 
‎جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.