سوودانی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵەکەی لە دهۆک و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ لێکۆڵینەوە دەرکرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەنجامدا. لە پەیوەندییەکەدا سوودانی سەرکۆنەی ئەو "هێرشە ناڕەوایە"ی کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک.
نووسینگەی سوودانی رایگەیاندووە، "سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی نێچیرڤان بارزانی و پەرۆشیی ئەو بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق کرد." هەر لەو چوارچێوەیەدا، سوودانی فەرمانی کرد بە پێکهێنانی تیمێکی ئەمنی و تەکنیکیی هاوبەش لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا باسیان لە دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و رەوشی ئەمنیی وڵات کرد. سوودانی جەختی لەوە کردەوە، حکومەتەکەی رێگە نادات هیچ لایەنێکی "دەرەوەی یاسا، یان لایەنێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی" عێراق پەلکێشی ناو ئەو ململانێ و شەڕانە بکات کە ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە هەموو هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی گشتگیردا بەردەوام دەبن.