هاوپەیمانیی عەزم سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەزم بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک و رایگەیاند، ئەمە "پێشێلکارییەکی مەترسیدارە" و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەکات.
لە راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی هاوپەیمانیی عەزمدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "ئەم هێرشە دەبێتە هۆی تێکدانی هەوڵەکانی هێورکردنەوە و پاراستنی ئاشتیی ناوخۆیی عێراق."
هاوپەیمانییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە بەپەلە وردەکارییەکانی رووداوەکە ئاشکرا بکرێن و ئەو لایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن بەپێی یاسا سزا بدرێن. هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە "بۆ دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە کارانە و پاراستنی دامەزراوەکان و گیانی هاووڵاتییان."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاوپەیمانیی عەزم هۆشداری دەدات لە هەر هەوڵێک بۆ پەلکێشکردنی عێراق بۆ نێو ململانێ هەرێمییەکان و داوا دەکات بەرەی ناوخۆیی وڵات تووندوتۆڵ بکرێت.
هاوپەیمانییەکە جەختی کردووەتەوە کە دەبێت زمانی گفتوگۆ و هێورکردنەوە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی عێراقدا زاڵ بێت.