نەوت و کانزاکانی هەولێر: ئەمڕۆ 30 هەزار بوتڵ گازی ماڵان دابەش دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
پشکی گازی ماڵان لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی جەنگی ناوچەکەوە کەم بووەتەوە و نرخی بازرگانی بەرز بووەتەوە. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێ، ئەمڕۆ 30 هەزار بوتڵ گازی ماڵان بە نرخی حکومی دابەش دەکەن. لە سلێمانیش دابەشکردنی گازی حکومی بەردەوامە.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنەکە ئەمڕۆ دەستپێدەکات و 30 هەزار بوتڵ دابەش دەکەین".
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتی، بڕەکە بۆ هەموو پارێزگای هەولێرە، بە سەنتەری شار، قەزا و ناحیەکانی سنوورەکەوە.
لە هەولێر هەر خێزانێک لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەتوانێ مانگانە دوو بوتڵ گازی شل وەربگرێ، کە یەک بوتڵ بە 8500 دینارە.
ئاری کاکەشین گوتی: "نرخ هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە و بوتڵی بە 8 هەزار و 500 دینار دەدرێتە هاونیشتمانیان، ئەویش لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی".
بەگوێرەی ڤیدیۆیەک کە هاونیشتمانییەک لە سلێمانییەوە ئەمڕۆ شەممە بۆ رووداوی ناردووە، زیاتر لە 75 بوتڵی بەتاڵ دانراون و چاوەڕوانی بریکاری دابەشکردنی گاز دەکەن. ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت: "لە شەشی بەیانییەوە نۆرەمان گرتووە و چاوەڕوانین".
بەرپرسێک لە نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "دابەشكردن بەردەوامە، بەڵام چونکە پشک کەمە لە هەموو هەرێمی کوردستان، دابەشکردن وەک پێویست نییە و هاونیشتمانییان بۆ وەرگرتنی نۆرە دەگرن".
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گاز گەیشتووە و دابەشکردن بەردەوامە، تەنیا رۆژێک 40 تۆن گاز گەیشتووە کە دەکاتە زیاتر لە 3000 بوتڵ".
هاوکات سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 1ـی ئادارەوە تاوەکو 23ـی ئەم مانگە 16 هەزار بوتڵ گاز لە سنوورەکەمان دابەشکردووە کە لە کەرکووکەوە دابینکراوە".
قایمقامی هەڵەبجە گوتی: "پشکی سنوورەکەمان نیوەی لە کەرکووکەوە دابیندەکرێ، بۆیە قەیرانی گاز لە ناوچەکەمان وەک شارەکانی دیکە نەبووە. دۆخ ئاسایی بووەتەوە".
سەرچاوەی گازی شلی کەرکووک جیایە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە لەو شارە کێشەی کەمیی گاز دروستنەبوو.
عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک، 19ـی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیج قەیرانێک دروست نەبووە. رۆژانە گازی ماڵان دەدرێتە هاووڵاتییان، وێستەگەکانمان بڕی پێویستیان تێدایە".