بزووتنەوەی ئیسلامی: نێچیرڤان بارزانی فاکتەری ئاشتییە و سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک دەکات و دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لە هەموو قۆناخەکاندا رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2026، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ماوەیەکە ژمارەیەک گرووپی یاخی و هێزی شەڕانگێز هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج." راشیگەیاند، ئەمڕۆ لە "کردەیەکی تیرۆریستیدا" ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان لە دهۆک کردووەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەی بزووتنەوەی ئیسلامیدا هاتووە، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە دەکەین؛ نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی فەرمی و ئاشتیخوازە و لە هەموو قۆناغە جیاجیاکاندا رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە جێگیرکردنی ئارامی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بەگشتی."
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ئەو لایەنانە بگرێتەبەر و دەڵێت، "هیوادارین حکومەتی عێراق سنوورێک بۆ ئەو گرووپە یاخییانە دابنێت."
ئەم هەڵوێستەی بزووتنەوەی ئیسلامی لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و چەندین سەرکی وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر شاری دهۆکیان کرد.