نێچیرڤانی بارزانی بۆ رووداو: هێرشەکە کەسی نییە و پێگەی دەستووریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەئامانج گیراوە
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بەشدار بوو و لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لە دهۆک رایگەیاند، بابەتەکە کەسی نییە و هێرشەکە "پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ هەموو عێراق بە شێوەیەکی گشتی."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بیرێکی زۆر جیدی لەم بابەتە بکاتەوە، لە بابەتی کەسانێک کە ماف بە خۆیان بدەن لە دەرەوەی یاسا هێرش بکەنە سەر دامودەزگای دەوڵەتی عێراق."
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوسۆزییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم پشتیوانییە هێزێکی گەورەیە بۆ ئێمە."
دەقی پرسیارەکانی شاهۆ ئەمین، پێشکێشکاری رووداو و وەڵامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
رووداو: ئەمڕۆ هێرشکراوەتە سەر ماڵی جەنابتان لە دهۆک، کاردانەوەیەکی زۆر لەسەر ئاستی عێراق، کوردستان و نێودەوڵەتیش هەیە، خەڵک کە تۆیان خۆشدەوێ زۆر کاریگەرن و هەموو پێیان وایە، بەئامانجگرتنی ماڵی ئێوە، لێدان بووە لە ئاشتی، بیری رەتکردنەوەی جەنگ بەئامانج گیراوە، چۆن تەماشای ئەو هاوسۆزییە دەکەیت؟
نێچیرڤان بارزانی: پێش دەستپێکردن، دەمەوێت سوپاسی هەموو لایەک بکەم، بەڕاستی زۆرجار من گوتوومە، هەر ئەم پشتیوانییە هێزێکی گەورەیە بۆ ئێمە، ئەوەی من دەیبینم پشتیوانی هەموو گەلی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، گەرمیان و زاخۆ، ئەمە جێگەی رێز و پێزانینە و سوپاس و خۆشەویستیم هەیە بۆ هەموو لایەک. بە دەرفەتیشی دەزانم لەڕێگەی جەنابتانەوە سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری هەموو شەهیدەکان کە لەم ماوەیە شەهید بوون بنێرم و هیوای چاکبوونەوە بۆ هەموو بریندارەکان بخوازم. بابەتەکە کەسی نییە، ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ هەموو عێراق بەشێوەیەکی گشتی. تەماشا بکە، ئەو گرووپانەی کە لە یاسا دەرچوون ئەو مافە بە خۆیان بدەن شوێنێک کە شوێنی سەرۆکی هەرێمە، سەرۆکی هەرێم نەک وەکو کەس، سەرۆکی هەرێم وەکو پێگەی کە بە پێی دەستووری عێراقیش پێگە و جێگەی خۆی هەیە، ئەوان ماف بە خۆیان بدەن ئەو پێگەیە بە ئامانج بگرن، بابەتەکە کەسی نییە، ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە. بە سوپاسەوە کە ئەم بەیانییە بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئەو رووداوەی بیست پەیوەندی کرد و نیگەرانی خۆی دەربڕی و سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. ئەمانە وامان پێدەڵێن جارێکی دیکە کە بەڕاستی پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بیرێکی زۆر جیدی لەم بابەتە بکاتەوە، لە بابەتی کەسانێک کە حەق بە خۆیان بدەن لە دەرەوەی یاسا هێرش بکەنە سەر دامودەزگای دەوڵەتی عێراق، دەبێت سنوورێک بۆ ئەوانە دابنرێت کە لە دەرەوەی یاسا مامەڵە دەکەن.
رووداو: دنیایەک سوپاستان دەکەم، قسەکانتان بە روونی گەیشتن..
نێچیرڤان بارزانی: زۆرم پێخۆشبوو لەڕێگەی شاشەی ئێوە، زۆرم پێخۆشبوو سوپاسی هەموو لایەنەکان بکەم، لایەنەکانی دەرەوە و ناوەوە، بەتایبەتی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان لە زاخۆ تاوەکو خانەقین. سوپاس بۆخوا کەس هیچی لێنەهاتووە، خانوو وێران بووە ئەوە کێشەیەکی ئەوەندە گەورە نییە، ئەگەر بەراوردی بکەی بە برینداربوونی پێشمەرگەیەک یان خوێنی هەر شەهیدێک ئەوە شتێکی زۆر بێ نرخە. ئەوانەی کە ئیشیشیان دەکرد و ماڵەکەیان پاک دەکردەوە کەسیان لەوێ نەبوون سوپاس بۆخوا. سوپاسی هەموو لایەنەکان دەکەم و سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم لە زاخۆ تاوەکو خانەقین.