ئەمڕۆ بە شەش درۆن هێرش کراوەتە سەر دهۆک و هەولێر


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بە شەش درۆن هێرش کرایە سەر دهۆک و هەولێر. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە

 

یەکەم هێرش ئەمڕۆ شەممە نزیک کاژێر 10:30 بە درۆن بۆسەر شاری هەولێر کرا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکە لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە لە ئاسمان تێکشکێندراوە.
 
هێرشی دووەم کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ بۆسەر شاری دهۆک کرا. بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی بۆ رووداو نێردراوە، هێرشەکە کراوەتە سەر ناوچەیەکی قەرەباڵخی شارەکە.
 
هەر ئەمڕۆ هێرشێکی دیکەی درۆنی کرایە سەر دهۆک. هێزە ئەمنییەکان هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردووەتەوە.
 
هەروەها نیوەڕۆی ئەمڕۆ درۆنێک لە سنووری ناحیەی بجێل لە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کەوتە خوارەوە و دەگوترێ هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ نزیک کاژێر 03:00، بە درۆنێکی دیکە هێرش کرایە سەر شاری دهۆک.
 
هەروەها نزیک کاژێر 15:30، هێرشێکی دیکەی درۆنی کرایە سەر شاری دهۆک.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە بۆ ئەمڕۆ 28ـی ئادار، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 460 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 85 کەسیش بریندار بوون.