خشتەی کارکردنی موەلیدەکانی هەولێر و سلێمانی گۆڕانی بەسەردا دێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی، کارکردنی موەلیدەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و لە سلێمانی و هەولێر خشتەی نوێ بۆ کارکردنیان دانرا.
کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لەمڕۆوە لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدەکان بەیانیان لە کاژێر 06:30 بۆ کاژێر 08:00 کارەبا دەدەنە هاوبەشانیان.
بەگوێرەی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بۆ شەشی بەیانی کارەبا دەدەنە هاوبەشانیان.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەمڕۆوە لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، موەلیدەکان لە کاژێر 07:00ـی بەیانی تاوەکو 01:00ـی شەو کاردەکەن".
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، 26ـی ئادار رایگەیاند، "بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بووەوە، دۆخەکە کاتییە و هەموو لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە".