ئاوی کۆگاکراوی بەنداوەكان گەیشتە زیاتر لە 6 ملیار مەترسێجا

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێ، كۆی ئاوی کۆگاکراوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتوەتە زیاتر لە 6 ملیار ‏مەترسێجا. بەڕێوەبەری بەنداوی دووكانیش ئاشكرای دەكات، ‏سەرڕێژبوونی بەنداوی دووكان تەنیا 12مەتر ‌و نیوی ماوە.‏
 
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، ‏ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو بەنداوە هەرە گەورەكەی هەرێمی کوردستان کە بریتین لە دووكان ‌و ‏دەربەندیخان ئاوێكی زۆریان تێدا كۆكراوەتەوە و رایگەیاند: "دووكان 3.7 ملیار ‌و ‏دەربەندیخانیش 2.3 ملیار مەترسێجا ئاویان تێدایە، واتە ئێستا ‏سەروو 6 ملیار مەترسێجا ئاوی كۆكراوەمان لە سەرجەم بەنداوەكان ‏هەیە".‏
 
هاوكات كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان بە تۆڕی میدیایی ‏رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو چەند شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە هەرێمی ‏كوردستان كردووە، ئاستی ئاوی بەنداوەكە ‏بەرزدەبێتەوە ‌و گوتیشی: "ئێستا 12مەتر‌ و نیو ماوە بۆ سەرڕێژبوونی بەنداوەکە".‏
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ئەوەشی خستەڕوو، هەفتەیەک زیاترە ‏رۆژانە نزیكەی 40 سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوەكە زیاد دەكات‌ و گوتیشی: ‏‏"بۆ سەرڕێژیوونی تەواوەتی بەنداوەکە چاومان لە بارانی مانگی چوارە".‏
 
بەڕِێوبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان باسی لە بەنداوەكانی ‏دهۆك ‌و گۆمەسپان ‌و بەستۆرەشی كرد كە ئاوێكی زۆریان تێدایە و ‏گوتی: "بەنداوی دهۆك 47 ملیۆن مەترسێجا ئاو ‌و بەنداوی گۆمەسپانیش ‏‏20 ملیۆن مەترەسێجا ئاوی تێدایە، بەنداوی بەستۆرەش بۆ سەرڕێژبوون ‏هێندەی نەماوە و دەکرێ ئەمڕۆ یان سبەی بەتەواوی سەرڕێژ بێت".‏
 
لە هەرێمی كوردستان 25 بەنداوی گەورە ‌و بچووك هەن. بەنداوەكانی ‏دووكان ‌و دەربەندیخان گەورەترینن.