عەتا عەبدوڵڵا: مامۆستایانی ئایینی ئازادن لە پێشکەشکردنی گوتارەکانیان
رووداو - هەولێر
بەڕێوبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیێنێت، مامۆستایانی ئایینی ئازادن لە پێشكەشكردنی گوتاری رۆژی هەینی بە مەرجێك تەشهیر بەکەس نەکەن و ناوی هیچ کەسێک نەزڕێنن، هەروەها بیری تووندڕەویش بڵاونەکەنەوە. رەتیشدەكاتەوە تاوەكو ئێستا هیچ مامۆستایەكی ئایینی لەسەر بڵاوكردنەوەی بیری تووندڕەویی و پشتیوانیكردن لە داعش دەستگیركرابێت، یاخوود دوورخرابێتەوە.
عەتا عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی پێداچوونەوە بە گوتاری مزگەوتەكانی باشووری كوردستان رایگەیاند:" وەزارەتی ئەوقاف وەزارەتێکی گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، یاساو رێساو رێنمایی خۆی هەیە، ئەوەی لای ئێمە بنەمایە بۆ خوێندنەوەی گوتاری ئایینی، دوورکەوتنەوەیە لە تووندوتیژی و تووندڕۆیی و تەشهیرکردن".
عەتا عەبدوڵڵا گوتی:" ئەگەر مامۆستای ئایینی تەشهیر بەکەس نەکات و ناوی هیچ کەسێک نەزڕێنێت و تووندڕۆیی بڵاونەکاتەوە، تا ئێستا ئازاد بووە لە گوتار پێشکەشکردن"، هەروەها گوتیشی:" یەک گوتاریمان بەسەر نەسەپاندوون بە جۆرێك ناچاربکرێن یەك جۆر گوتار پێشكەش بكەن، مامۆستای ئایینی ئازادە بۆخۆی باسی هەر بابەتێکی ئایینی بکات بۆ نوێژخوێنەکانی".
بەڕێوبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی روونیدەکاتەوە، لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ئەوقاف گشتاندن دەکەن بۆ پرسەکانی وەک ئەنفال، کیمیابارانكردن و کارەساتە جەرگبڕەکان, بەپێویستیشی دەزانێ وەکو وەبیرهێنانەوە و یادەوەرییەك مامۆستایانی ئایینی هەڵوێستەیان لەسەر بکەن.
نێوبراو رەتیدەكاتەوە لە سنووری بەڕێوبەرایەتی گشتیی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی هیچ مامۆستایەکی ئایینی بانگەشەی بۆ بیری داعش و تووندڕەوی كردبێت، دەشڵێت:" رەنگە تێبینیمان لەسەر گوتاری مامۆستایەكی ئایینی هەبووبێت، یان گوتارەكەی بە دڵی هەموو نوێژخوێنان نەبووبێت، بەڵام بەو جۆرەی تێبگەین و هەستمان کردبێت گوتارەکەی پشتیوانییە بۆ داعش، هیچ شتێكی وا نەبووە".
جەختیشدەكاتەوە ئەگەر شتێکی لەم شێوەیەش رووبدات، قبوڵی ناكەن و دەستبەجێ رێوشوێنی یاسای لەبەرامبەر دەگرنەبەر.