لە هەولێر بۆ یەکەمجار رێڕەوی تایبەتی پایسکل دروستدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان، رێڕەوی تایبەت بە لێخوڕینی پایسکل دروستکرا و گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێریش دەڵێ: "ئەگەر لە یەکەم ئەزمووندا سەرکەوتووبووین، لە زۆربەی شەقامەکان دروستدەکرێت".
یەکەم رێڕەوی لێخووڕینی پایسکل کە بەتەواوی رێکخراوە لەڕووی ئەندازەی هاتووچۆ و سەلامەتییەوە لە هەولێر دروستکرا، کە دەکەوێتە سەر شەقامی 100مەتری نزیک قوتابخانەی کامبریج.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو شوێنەی رێڕەوەکەی لێ دروستکراوە، جووڵەی ترافیکی کەمی لەسەرە و گونجاوە بۆ لێخووڕینی پایسکل، کە سەرجەم کارەکانی رێکخستنی رێڕەوەکە لەڕووی هاتووچۆوە لە هێڵکاری و دانانی هێماکانی هاتووچۆوە لەلایەن ئەندازەی هاتووچۆی هەولێرەوە کراوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فازڵ حاجی گوتی: "درێژی رێڕەوەکە 300 مەترە و بۆ ئەزموون دروستکراوە، ئەگەر سەرکەوتووبووین، لەسەر شەقامەکانی 100مەتری، 120مەتری و 150مەتری دروستدەکرێت".