لە دهۆک بڕیارێکی نوێ بۆ دروستکردنی خانوو دەردەچێت


رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای دهۆک بڕیارێکی نوێ بۆ دروستکردنی خانوو دەرچووە و دەبێت هەرکەس خانوو دەکاتەوە نەخشەکەی لە نووسینگەیەکی ئەندازیاری بکات و ئەندازیاری نووسینگەیەکیش سەرپەرشتیی بکات. بەشێکی هاونیشتمانییانیش بڕیارەکە بە قورس دەزانن و دەڵێن، تێچوو و رۆتینی زیاترە.
 
د. بورهان عەبدوڵڵا، مامۆستای زانکۆ لە دهۆک کە ویستوویەتی خانوو بکاتەوە بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئەو بڕیارە نوێیەی کە بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی خانووکردنەوە دەرکراوە، کاروباری زۆری دەوێت لە فەرمانگەکاندا و من ئەوەندە هاتووچۆم کرد کە ئیتر وازم هێنا. بڕیارەکە لە 21 خاڵ پێکهاتووە کە خاڵەکان زۆر قورسن و هەندێک ناڕوونییان تێدایە کە پێویستە روونبکرێنەوە."
 
د. بورهان عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، بەپێی بڕیارەکە هەرکەس خانوو بکاتەوە دەبێت لای نووسینگەیەکی ئەندازیاری نەخشەکەی مۆر و واژۆ کرابێت و ئەندازیارێکیش کە نووسینگەی هەبێت سەرپەرشتی دروستکردنی بکات. ئەمەیش لەسەر خەڵک گران دەکەوێت. 
 
بە گوتەی د. بورهان عەبدوڵڵا، کێشەکە ئەوەیە کە بڕیارەکە دیاریی نەکردووە کە دەبێت ئەندازیار و نووسینگەکە چەند وەربگرن. نابێت ئەمە بە جۆرێک بێت بارگرانی بۆ خەڵک دروست بکات. هەروەها دەبێت ئەو ئەندازیارانەیشی نووسینگەیان نییە بتوانن سەرپەرشتی خانوو بکەن و ئەمە تەنیا بۆ ئەوانەیان قۆرخ نەکرێت کە نووسینگەیان هەیە.
 
د. بورهان گوتی: "جاران خەڵک کە خانوویان دەکردەوە رەنگە هەر نزیکەی 600 هەزار دینارێکیان بۆ کاروباری فەرمانگەکان بڕۆیشتایە، ئێستا 1500 دۆلار بۆ 2000 دۆلاری تێدەچێت."
 
لەو بارەیەوە خەبات محەممەد، ئەندازیار و نوێنەری نووسینگە ئەندازیارییە راوێژکارییەکانی دهۆک گوتی: "ئەم رێکارە بۆ رێکخستنەوەی کاری ئەندازیاران و کەمکردنەوەی رۆتینە. بۆ ئەوەی هەر ئەندازیارێک لە پسپۆڕیی خۆیدا کار بکات. بەپێی ئەم رێکارە نوێیە رۆتینی فەرمانگەکان کەمدەبێتەوە نەک ئەوەی زیاد ببێت، چونکە زۆربەی کارەکان لە نووسینگە ئەندازیارییەکە دەکرێن."
 
بە گوتەی خەبات محەممەد، ئەو بڕیارە دەرگەی کار بۆ ئەو ئەندازیارانە دەکاتەوە کە تازە دەرچوون، چونکە دەبێت هەرکەس خانوو بکاتەوە ئەندازیارێک سەرپەرشتیی بکات.
 
ئەو ئەندازیارە هەروەها باسی لەوەش کرد: "دهۆک لە رووی ئەندازەی تەلارسازییەوە شپرزەیە و هەرکەسە و بە ئارەزووی خۆی بینای کردووەتەوە، بۆیە ئەو بڕیارە دراوە."