دایکی سێ منداڵ لە دهۆک: بەهۆی نەبوونییەوە 33 جار ماڵمان گواستووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

خێزانێکی هەژار لە دهۆک بەهۆی نەبوونییەوە لەنێو دوکانێکدا دەژین، ژنەکە کە خاوەنی سێ منداڵە، دوو ساڵ پێش ئێستا لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە. 33 جار بەهۆی نەبوونییەوە ماڵیان گواستووەتەوە، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، پارەی کرێیان نەبووە بیدەن و ئێستاش زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار قەرزاری کرێی خانوون.
 
شەهرەبان حەسەن، دایکی سێ منداڵەکە بە رووداوی گوت، "خواردن و خواردنەوەمان لێرەیە و لێرەش دەخەوین، بە ناچاری رۆژەکان تێدەپەڕێنین، لەسەر ئەم جادەیە و ژنێک بە تەنیا؟ ژنێکی 33 ساڵ بە بێ پیاو دەبێ چ ژیانێکی هەبێت."
 
بۆ پەیداکردنی بژێوی منداڵەکانی، شەهرەبان هەر لەنێو دووکانەکەیدا کاری بەرگدووری دەکات، بەڵام بەو کارە ناتوانێت پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکات. بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی دهۆک هەوڵدەدات کە چارەسەر بۆ ئەو جۆرە خێزانە بێ سەرپەرشتانە بدۆزێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن.
 
د. شێرزاد هرووری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی لە دهۆک باسی لەوە کرد، "هەندێک پرۆگراممان هەن کە ئێستا لە زۆر شوێن کاری پێ دەکرێت، ئەگەر ئەو خێزانە مەرجەکانی ئەو پرۆگرامە بیانگرێتەوە، ئەوە دەتوانن لەو دووکانە بێنە دەرەوە و سوود ببینن و دۆخیان باشتر دەبێت، بە تایبەت قەرزی بچووک کە دەتوانن کارێکی باشی پێ بکەن، چونکە ئێمە تاقیکردنەوەمان هەن و زۆر دایکی وەکو ئەو توانیویانە سوودی لێ وەربگرن." 
 
کوڕی گەورەی ئەو ژنە کە تەمەنی حەوت ساڵە، ساڵی رابردوو بەهۆی نەبوونییەوە نەچووەتە قوتابخانە، ئەمساڵ لە پۆلی یەکە، بەڵام دایکی پارەی نییە بیداتێ و ئەویش داوای لێ ناکات.