قەڵای کەرکووک مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
40 ساڵە کاری فۆتۆگرافی دەکات، بە دەیان وێنەی لە ناوچە شوێنەوارییەکانی کەرکووک ئەرشیڤ کردووە، ساڵانە چەند جارێک وێنەی قەڵای کەرکووک و منارەی خاتوون دەگرێت. مەهدی شەفیق دەڵێت، "قەڵای کەرکووک بەرەو نەمان دەچێت."
ئەو فۆتۆگرافەرە باس لەوە دەکات لە ساڵێکدا دوو یان سێ جار دەچێتە سەر قەڵای کەرکووک، "لەو ماوەیەی دابڕاوم و جارێکی دیکە هاتوومەتەوە، گۆڕانکاری نوێم بینیوە، هەر لە داڕمان و وێرانبوونی خانووەکان تا دەگاتە درزی گەورە و بێ خزمەتکردن، ئەم ناوچە شوێنەوارییانە لە هەر وڵاتێکی دیکە بووایە، داهاتێکی گەورەی ئابووری بۆ ئەو وڵاتە دەبوو."
لە ماوەی دوو ساڵدا 18 خانوو لەنێو قەڵا داڕووخاون، نەخشەکانی سەر منارەی خاتوونیش لێبوونەتەوە و دزی گەورەیان تێکەوتووە.
تەنیا قەڵا نییە، قشڵەی کەرکووکیش کە 161 ساڵ لەمەوپێش و لەسەر دەستی عوسمانییەکان دروستکراوە، باران و بوومەلەرزە بەشێکی ژوورەکانی قشڵەی رووخاندووە.
سێ ساڵ لەسەر یەک ئیدارەی کەرکووک، بوجەی بۆ نۆژەنکردەنەوەی قەڵا و قشڵەی کەرکووک تەرخان کرد و نۆژەنی نەکردووە، بڕیارە وایە لە بوجەی ئەم ساڵ بە گوژمەی 30 ملیار دینار بەشێکی قەڵا و قشڵە نۆژەنبکرێنەوە.
مەروان عانی، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی کەرکووک دەڵێت: ئەو ناوچانە شوێنی گرنگ و مێژوویین، "وەکو پلان و پڕۆژەکانی دیکە نین، پێویستی بە پسپۆڕیەتێکی تایبەت و تیمێکی تایبەتمەند هەیە لە وەزارەتی رۆشنبیری، بۆ ئەوەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارییەکان لە ئەستۆ بگرێت، پشتیوان بەخوا لە نزیکترین کاتدا دەست بە نۆژەنکردنەوە و بونیاتنانەوەی قەڵای کەرکووک دەکرێت."
قەڵا جگە لە شوێنەوار و مێژووەکەی، بۆ خەڵکی کەرکووکیش سیمبوولی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانە، ئێستا تەنیا شەش خانووی تێداماوە و ئەوانەش مەترسیی رووخانیان لەسەرە، رێگەنادرێت سەردانیکاران نزیکی بکەونەوە.