پێنج کرێکاری کورد لە تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
تەرمی دوو گەنجی دیکەی کوردی خەڵکی ئیلام لەنێو قوربانییانی تەقینەوەی بەندەری رەجایی ئێران دۆزرایەوە و لانیکەم دوو گەنجی دیکەی پارێزگاکە بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە، تەرمی جەواد کازمپوور، خەڵکی شاری ئەیوانی پارێزگای ئیلام لەنێو قوربانییانی تەقینەوەی بەندەری رەجایی ناسرایەوە. هەروەها دوو گەنجی دیکەی خەڵکی ئەیوان بە ناوەکانی سەمیر عەباسی و سەعید نامی بێسەروشوێنن و کەسوکاریان بەدوایاندا دەگەڕێن.
هەروەها ئەمڕۆ تەرمی رەزا دووستی، خەڵکی ئاسمانئاوای سەر بە شاری چەرداوڵی ئیلامیش دۆزرایەوە.
دوێنێ یەکشەممە گیانلەدەستدانی سێ هاونیشتمانی خەڵکی پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی جەبار دەروێشنیا، ئەیوب هەواسعەلی و عەبدولڕەحمان پیرحەیاتی لەو رووداوەدا راگەیێندرابوو.
هەموو ئەو هاونیشتمانییانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە، لە بەندەری رەجایی کاریان کردووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، لەنێو بریندارەکانیشدا ژمارەیەک هاونیشتمانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەن.
کاژێر 12:05 خولەکی رۆژی شەممە 26-04-2025 ئاگر لە بەندەری رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباسی ئێران کەوتەوە و بووە هۆی روودانی چەندین تەقینەوە. ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران نیوەڕۆی دووشەممە رایگەیاند، 46 تەرم دۆزراونەتەوە و زیاتر لە هەزار و 200 کەسیش لەو رووداوەدا بریندار بوون.