سەرۆک بارزانی و بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق دەکات و رایدەگەیێنێت، راسپاردنی ئەو "دەرفەتێکە" بۆ گەڕاندنەوەی پڕۆسەی سیاسی بۆ سەر رێگەی دروست.
رۆژی سێشەممە، 28-04-2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق ئەنجامدرا.
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کردووە بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، سەرۆک بارزانی راسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران وەک "دەرفەتێک" هەژمار کردووە بۆ گەڕاندنەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بۆ سەر رێگەی دروست.
هەر لەوبارەیەوە، نووسینگەی راگەیاندنی عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق رایگەیاند، سەرۆک بارزانی و عەلی زەیدی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەنێوان سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان کردەوە، ئەوەش بە مەبەستی خێراکردن لە رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە حکومەتی داهاتوو بە جۆرێک بێت "داخوازیی هاووڵاتیان لە سەرانسەری وڵات بەدیبهێنێت."
ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە، عەلی فالح زەیدی بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردراوە و ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.