ئامۆزایەکی عەلی زەیدی: هیوادارم جیاوازی لەنێوان من و خەڵکی دیکەدا نەکات


رووداو دیجیتاڵ

بە پەڕینەوە لەسەر "پردی ئەمریکی" دەگەیتە قەزای شەترە لە پارێزگای زیقار؛ زێدی رەسەنی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق. لەنێو هۆزی زەیدی و بازاڕەکانی شارەکەدا، دەنگەکان لەنێوان خۆشحاڵی، داواکاریی خزمەتگوزاری و بێئومێدی لە سیستمی سیاسی دابەش بوون.
 
حەسەن زەیدی، ئامۆزای سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، بە شانازییەوە باسی ئامۆزاکەی دەکات و دەڵێت، "ئەو شایەنی ئەو پۆستەیە، چونکە گەنجێکی خاوەن ئاواتە و چەندین بڕوانامەی جیاوازی هەیە؛ جگە لەوەی بازرگانێکی سەرکەوتووە." حەسەن تەنیا یەک داواکاریی لە ئامۆزاکەی هەیە: "هیوادارین یەکسانی بەرپا بکات و جیاوازی لەنێوان کەسدا نەکات؛ جیاوازی لەنێوان من کە ئامۆزایم لەگەڵ کەسێکی دیکەدا نەکات."
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە نێو بازاڕی شەترەوە دەڵێت: "رەنگە هیچ کەسێک هێندەی خەڵکی ئێرە بە راسپاردنی عەلی زەیدی خۆشحاڵ نەبن. وەک خۆیان دەڵێن ئەو 'کوڕی ناوچەکەی خۆمانە' و چاویان لەوەیە ئاوڕێکی جددییان لێ بداتەوە."
 
عەلی، دانیشتوویەکی قەزاکەیە و دەڵێت، "ئەو کوڕی ماممە و هیوادارم سەرکەوتوو بێت." ساجد ئەحمەدیش شۆفێری تاکسییە، هیوادارە ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی خێر و خزمەتکردنی وڵات و بە تایبەتی قەزای شەترە.
 
بەڵام داواکارییەکان تەنیا سۆزداری نین؛ دکتۆر کامل، دانیشتووی شەترە، دەڵێت: "ئەگەر دەڵێت کوڕی شەترەم، با بێت سەیری ناوچەکەی خۆی بکات کە خزمەتگوزاری تێیدا سفرە. شەترە وەک پارێزگایەکی گەورە وایە و شایەنی گرنگیپێدانە."
 
لە بەرانبەر ئەم گەشبینییەدا، بەشێکی دیکەی خەڵک بە گومانەوە سەیری گۆڕانکارییەکان دەکەن و لە دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی دوای 2003 تووڕەن. جەعفەر کە دووکاندارە، دەڵێت: "من بۆچوونم جیاوازە؛ سەرۆکوەزیرانێکمان دەوێت خزمەتی ئابووری و تەندروستی بکات. 23 ساڵە نە ئابووریمان هەیە، نە تەندروستی و نە پیشەسازی."
 
عەلی حەسەن، کە کاسبکارە، بێئومێدیی خۆی ناشارێتەوە و دەڵێت: "هەموویان وەک یەکن. ئێستا هەموو شتێک بەدەست چوارچێوەی هاوئاهەنگییە؛ بە کەیفی خۆیان کەسەکان دادەنێن و لادەدەن، بۆیە پێشبینی گۆڕانکاری ناکەم."
 
عەلی فالح زەیدی کە بە فەرمی راسپێردراوە، 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی. ئەگەر لەم ئەرکەیدا سەرکەوتوو بێت، دەبێتە 8ـەمین سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە.