وەزارەتی ئەوقاف: جەژنی قوربانی پیرۆز 26 یان 27ی ئایار دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، 16ـی ئایار لیژنەی بینینی مانگ لە سعودیە رۆژی وەستانی حاجییان لە کێوی عەرەفە و جەژنی قوربان رادەگەیێننن. ئاماژە بەوەش دەکات، 26 یان 27ی ئایار یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز دەبێ.
رۆژی سیشەممە، 28ـی نیسانی 2026، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی رۆژی 29ـی زولقەعدە، لیژنەی بینینی مانگ لە سعودیە رۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە و جەژنی قوربان دیاری دەکات. تەنیا سعودیە ئەو رۆژە دیاری دەکات، چونکە رێوڕەسمەکانی حەج لەوێن، واتە جیهان چاوی لەسەر سعودیەیە".
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی:" 9 رۆژ دوای ئەوە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان. حاجییان لە رۆژی 9ـی زولحیجە واتە رۆژێک پێش جەژن لە کێوی عەرەفە دەوەستن، تاوەکو نوێژی مەغریب و رۆژی دواتر 10ـی زولحیجە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز".
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، ئەگەر 16 ئایار بە بەڵگەی تەواوە مانگ بینرا، ئەوە 9 رۆژ دواتر دەبێتە جەژن. ئەگەر ئەوکات مانگ نەبینرا، 9 رۆژ دوای 17 ئایار دەبێتە یەکەم رۆژی جەژن". ئەوەش بەو مانایەی جەژن دەکەوێتە 26 یان 27ی ئایاری 2026.
ساڵانە ملیۆنان موسڵمان لە سەرانسەری جیهانەوە دەچنە مەککە بۆ ئەوەی ئەرکی حەج بەجێ بگەیێنن.