پەیوەندیی ئاڵۆزی پارتی و یەکێتی، لە شەڕی پۆستەوە بۆ شەڕی کورسیی پەرلەمان

 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە تاوەکو ئێستاش دوو سەرەکیترین پێکهێنەری ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، رۆژ بە رۆژ پەیوەندییەکانیان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت و لەسەر ئاستی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، بە شێوەی نافەرمی هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
 
رۆژی 11ی نیسانی 2026، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، نزار ئامێدی، ئەندامی سەرکردایەتی و تاکە بەربژێری فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژارد. پارتی دیموکراتی کوردستان، پێیوابوو ئەو هەڵبژاردنە لادان بووە لە رێککەوتن و تێکدانی یەکڕیزیی کورد بووە، بۆیە دانیشتنەکەی پەرلەمانی بایکۆت کرد و ئامادەی دەنگدانەکە نەبوو.
 
گەیشتنە بنبەست
 
رووداو، لەبارەی هۆکاری پەیوەندیی ساردی نێوان پارتی و یەکێتییەوە، پرسیاری لە ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. ئەو بەرپرسە کە ئامادە نەبوو ناوی بهێنین، گوتی، "ئێستا پەیوەندیمان بە بنبەست گەیشتووە، چونکە یەکێتی لە بەغدا رەفتاری باشی نەکردووە."
 
زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کابینەی 10یەمی حکومەت پێکبهێندرێت. ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت، "ئەوان (یەکێتی) بە بەرنامە پێکهێنانی حکومەتیان دواخست، چونکە سەرەتا ئێمە لەسەر کارنامەی حکومەت رێککەوتین. یەکێتی گوتی، دەسەڵات گرنگە نەک ژمارەی پۆست، ئێمە بەمانە رازی بووین، کەچی دەستی دەستییان کرد و ئامادەی پێکهێنانی حکومەت نەبوون."
 
لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا هیچ پەیوەندییەکی سیاسی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا نییە. هیچ گفتوگۆیەک نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە هێزێکی نێودەوڵەتی یان ئیقلیمی بێتە نێوانمان، کە ئەمەش بە کارێکی رەوا نابینین و دەبێت خۆمان پێکەوە دابنیشین."
 
د. محەممەد خورشید، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "پەیوەندییەکانی ئێمە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قۆناخێکی باشدا تێپەڕ نابێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی نائومێدی."
 
گفتوگۆ لەسەر ئاستی کەسی
 
پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "دەبێ بۆ کۆبوونەوە زەوینەسازی بکرێت و پارتییش ئامادەیی تێدابێت، چونکە هیچ بابەتێکی هێندە گەورەی دیاریکراو نییە کە ببێتە هۆی لێکدابڕانی ئەم دوو حیزبە."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی گوتیشی، "ئێستا گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی شەخسی (کەسی)یە و نەبووەتە فەرمی."
 
"یەکێتی بە بەرنامە پێکهێنانی کابینەی 10یەمی دواخست"
 
د. محەممەد خورشید گوتی، "دوای دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان لەگەڵ یەکێتی، بەرنامەی کاری حکومەت کۆتایی پێهات و وادەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دیاریکرا، بەڵام بەداخەوە یەکێتی ئامادە نەبوو پەرلەمان کارا بکرێتەوە."
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە نەیویست ناوی بهێنین لەمبارەوە گوتی: " پارتی زانیاریی سەد لە سەدی هەبوو کە یەکێتی ویستی کابینەی 10 پێکنەیەت تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی عێراق، بۆیە پارتیش ئامادە نییە وەکو پێش ئەم قۆناخە مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکاتەوە."
 
پرسی سەرۆککۆمار و فراوانبوونی درزی نێوانیان
 
لەدوای کۆچی دوایی مام جەلال و بە دیاریکراوی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ەوە، پۆستی سەرۆککۆمار بووەتە گرێکوێرەی نێوان پارتی و یەکێتی، نە پارتی بە بەربژێری یەکێتی رازییە و نە یەکێتیش سازش دەکات. بەڵام وەکو عورفێکی سیاسیی ئەو پۆستە پشکی کوردە و بە لێکتێگەیشتنی پێشوویش، لەنێو کورد درا بە یەکێتی، بەڵام خەریکە دەبێ بە دەیەیەک ئەو لێکتێگەیشتنە نەماوە.
 
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، لە بەغدا رێککەوتن کرا (لەنێوان پارتی و یەکێتی و حیزبە کوردستانییەکانی دیکە) لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆمار، بەڵام یەکێتی پێشێلی کرد و لە بەرەیەکی دیکەوە کاری خۆی کرد.
 
گوتیشی، "هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ ئەوەی پارتی چیدیکە لەگەڵ یەکێتی کۆنەبێتەوە، بەڵام بە دڵنیایی دیراسەی دۆخی خۆی دەکات، ئەوسا بڕیار دەدات."
 
"دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناخێکی دیکەوە"
 
پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، بێئومێد نییە لە لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی و دەڵێت، "یەکێتی هەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ. ئێمە لە حکومەت پێکەوەین و پێشبینی دەکەم دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان بچێتە قۆناخێکی دیکەوە."
 
بە گوتەی تاڵەبانی، "زەرورە و دۆخەکە وا دەخوازێت پارتی و یەکێتی بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن و کۆببنەوە."
 
شەڕی کورسییەکان پێش کاراکردنی پەرلەمان
 
لە هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی 2024دا، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسیی بردەوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش 23 کورسی، ئەمەش بۆ وەرگرتنی پۆستەکان لە کابینەی حکومەتدا، جیاوازییەکی زۆرە.
 
بەڵام بەر لە پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی لێکتێگەیشتنێکی لەگەڵ (نەوەی نوێ)دا کرد کە خاوەنی 15 کورسییە و ئێستا دەڵێ، "بە 38 کورسییەوە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەکەم."
 
لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2024دا، بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا یەک کورسی بردەوە. سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "یەکێتی هەوڵی رازیکردنی گۆڕانیشی داوە بۆ ئەوەی تاکە کورسییەکەی ئەویش بباتە پاڵ خۆی."
 
یەکێتی دەیەوێ، بە هێزی 39 کورسی و پەنجا بە پەنجا لەگەڵ پارتی بچێتە دانوستاندنەوە، بەڵام پارتی ئەمەی قبووڵ نییە و هێشتا هیچ هەنگاوێکی هاوشێوەی هەنگاوەکەی یەکێتیشی نەناوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ فراکسیۆنی دیکە.
 
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (باڵی گردی زەرگەتە) بە رووداوی گوت، "هەرچەندە پەرلەمانتارەکەی گۆڕان چووەتە ئەولا (باڵی کوردسات)، بەڵام نەمانزانیوە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی کرابێت."
 
هاوکات سەرچاوەیەکیش لە (باڵی کوردسات)ی گۆڕان گوتی، "رێککەوتن بۆ چوونە پاڵ فراکسیۆنی یەکێتی، ئەگەر باسیش کرابێ، تەنیا زارەکی بووە و نەکراوە بە کردار."
 
بەڵام محەممەد خورشید پێداگریی حیزبەکەی ئاشکرا کرد و گوتی، "ئێمە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بنەمای 23 کورسی گفتوگۆمان کردووە، نەک 38 کورسی."