وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: پێدانی 150 ملیۆن دینار بە پڕۆژەکان دەستپێدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کار و کارباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قۆناخی دووەمی پڕۆژەیەک دەستپێدەکاتەوە، کە پشتگیریی دارایی تاوەکو 150 ملیۆن دینار دەدرێتە پڕۆژە جیاوازەکان. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، پێدانی پارەکە بەهاوبەشیی رێکخراو و حکومەت دەبێت.
 
راگەیێندراوەکە دوای کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆ سێشەممەی کوێستان محەممەد و کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە (CrossBoundary) بڵاو کراوەتەوە و تێیدا هاتووە، پڕۆژەکە "لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان."
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە هاوبەشی کۆمپانیا و حکومەت پارەکە دەدرێتە پڕۆژەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆی پڕۆسەکە دەکات."
 
لەبارەی ئەوانەی مافیان هەیە پارەکە وەربگرن، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "بۆ کەسی تایبەت نابێ و بۆ کۆمپانیاکانە، بیرۆکەکەش لە دوای کۆرۆناوە دەستیپێکرد، کە کۆمپانیایەکی زۆر تووشی شکست و زیان بوون، ئامانج لە پێدانی ئەو بڕە پارەیە بۆ فراوانکردنی کاری کۆمپانیاکانە."
 
پڕۆژەکە قۆناخی دووەمە و قۆناخی یەکەم لەژێر ناوی "پڕۆژەی گەشانەوە" تەواو بووە و تێیدا 25 پڕۆژەی جیاواز بە لە شارە جیاکانی هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند بوون.
 
بڕی هاوکارییەکە تاوەکو 150 ملیۆن دینارە بەگوێرەی پڕۆژەکە. وەزارەتی کار دەڵێت، "لەم قۆناخەدا جەخت لەسەر بەهێزکردنی بنەما ئابوورییەکانی پڕۆژەکان و بەردەوامبوونی راوێژی تەکنیکی دەکەینەوە، بە ئامانجی بووژانەوەی کەرتی تایبەت و رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ گەنجان."