سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە: 8 هەزار فەرمانبەر فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، نزیکەی 400 مامۆستا و فەرمانبەر زەوییان پێدەدرێت و لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا پرۆسەی دابەشکردنەکە دەست پێدەکات.
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 8000 فەرمانبەر لە هەڵەبجە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە، ئامادەکارییان کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا نزیکەی 350 بۆ 400 مامۆستا و فەرمانبەر زەوییان پێبدرێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: هەڵەبجە کەمترین پارچە زەوی تێدا دابەشکراوە، چەند فەرمانبەر فەرمانیان بۆ دەرچووە تاوەکو زەوی وەربگرن؟
سەلام بیلال: بەیانیی تۆش باش کاک ئارێز، بەیانیی بینەرانی رووداو باش. سەبارەت بە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی، ئێمە لەسەر دوو رێگە کارمان کردووە؛ رێڕۆی یەکەم، دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە ئێستا فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان هەیە و ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 8 هەزار فەرمانبەر. رێگەی دووەمیشمان، ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەن کە لە ساڵی 2005ـەوە فەرمانی دابەشکردنی زەوییان هەبووە و بە هەر هۆکارێک بووبێت، سوودمەند نەبوون.
رووداو: بەڵێ، دابەشکردنی زەوی لە هەڵەبجە وەستاوە؟
سەلام بیلال: نەخێر، بە هیچ شێوەیەک نەوەستاوە. ئێمە، وەک ئاماژەم پێکرد، ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە لە ساڵی 2005ـەوە سوودمەند نەبوون، بە هەر هۆکارێک بێت، ئێمە وەک شارەوانی هەستمان بەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە کردووە، هەستمان بەو بەرپرسیارێتییە بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران کردووە. دەستمان کردووە بە پڕۆسەی خۆئامادەکردن بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو ژمارەیە، کە ژمارەیان لە سنووری 350 بۆ 400 مامۆستا و فەرمانبەر بووە و لە داهاتوویەکی زۆر زۆر نزیکدا، دەتوانم بڵێم لە هەفتەیەک یان دوو هەفتەی داهاتوودا، دەست دەکەین بەو پڕۆسەیە و هەموو ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە. ئەمەش، با بڵێین، ناوی نانێم دەستپێشخەری، بەڵام کارێکی شارەوانی بووە کە شارەوانی خۆی پێی هەستاوە و ئێمە خۆمان لایەنە پەیوەندیدارەکانمان، یان با نەڵێین لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەو لایەنانەی سوودمەند نەبوون، بۆ نموونە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لقی هەڵەبجەمان ئاگادار کردووەتەوە کە شارەوانی بە نیازە دەست بکات بەم پڕۆسەیە و پڕۆسەیەکی سەرکەوتووش لە قەڵەم دەدرێت. لە سنووری ماستەرپلانی هەڵەبجەیە و حەز ناکەم ئێستا ئاماژە بە شوێنەکەی بکەم، بەڵام شوێنێکی دیار و زۆر گونجاو و شایستەیە.
رووداو: پارچە زەوییەکان خزمەتگوزارییان هەیە؟
سەلام بیلال: بەڵێ، خزمەتگوزارییان هەیە و شوێنێکی زۆر زۆر باشە.
رووداو: خزمەتگوزاریی شەقام و ئاو و کارەبا و ئەوانەی هەیە؟ بە کەڵکی ئەوە دێت کە خەڵک زەوییەکەی وەرگرت، خانوویەکی تێدا دروست بکات؟
سەلام بیلال: بە دڵنیاییەوە، یەکێکە لە شوێنە زۆر زۆر گونجاو و باشەکانی هەڵەبجە و خزمەتگوزاریشی هەیە.
رووداو: کاک سەلام، ئەم زەوییانەی کە جەنابت باسیان دەکەیت، 200 مەتریین؟ بێگومان وەک ئەوەی کە بڕیاری حکومەتە؟ چەند دەکەن ئەگەر فەرمانبەرێک بیەوێت بیفرۆشێتەوە؟
سەلام بیلال: بەڵێ، 200 مەتریین. بەڕاستی من لە نرخ و شتی وا باش نازانم، بەڵام شوێنێکی زۆر گونجاو و شایستە و زۆر باشن.
رووداو: یەکسەر تاپۆ دەکرێن لەسەریان؟ یان تەنیا ژمارەیان پێدەدرێت و کەسەکە نازانێت زەوییەکەی لە کوێیە؟
سەلام بیلال: نەخێر، هەموو ئەو زەویانەی کە شارەوانیی هەڵەبجە دابەشیان دەکات، هەموو کێشەکانیان چارەسەر دەبێت و رادەستی هاونیشتمانیی سوودمەند دەکرێت و راستەوخۆ تاپۆ دەکرێن بە ناوی ئەو سوودمەندانەوە و هیچ کێشەیەکی تاپۆیان نابێت.
رووداو: ئەمە بۆ ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەیە کە لە ساڵی 2005 بڕیاری وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچوو و وەریان نەگرتووە. ئەی ئەوانەی کە لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ناویان دەرچوو بۆ وەرگرتنی زەوی، ئەوانە ژمارەیان چەندە و کەی وەری دەگرن؟
سەلام بیلال: پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بۆ ئەو ژمارە مامۆستا و فەرمانبەرانەی ساڵی 2005، ئێمە وەک شارەوانی، خودی خۆم فەرمانەکانم لە وەزارەتی شارەوانی نوێ کردووەتەوە. سوپاس بۆ وەزارەتی شارەوانی کە بە دەممانەوە هاتوون و راستەوخۆ چاوپێکەوتنی جەنابی وەزیرمان کردووە بۆ ئەو مەبەستە و هەموو کێشە ئیدارییەکانمان چارەسەر کردووە. من گوێم لە هاووڵاتییەکی بەڕێز بوو، مامۆستا بوو یان فەرمانبەر، گوتی کارمان کردووە بۆ سوودمەندی. بەڵێ، ئەو پڕۆسەیەشمان تەواو کردووە و نووسراومان ناردووە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بزانین سوودمەندن یان سوودمەند نەبوون، چونکە من جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە، رەنگە ناوی دەرچووبێت و لە شوێنێکی دیکە سوودمەند بووبێت. تا رێکارەکانی سوودمەندبوون تەواو نەبێت، ئێمە پڕۆسەی دابەشکردن دەست پێ ناکەین و رێکارەکانی سوودمەندبوون ئێستا نزیکە لە تەواوبوون. ئێمە وەک شارەوانی، خۆمان هەستاوین بەو کارە و خۆمان دەستمان بە پڕۆسەکە کردووە و خۆمان هەستمان بە بەرپرسیارێتی کردووە پێش ئەوەی هیچ لایەنێک گوشار بخاتە سەر شارەوانی. بەڵکو، ئێمە خۆمان پڕۆسەکەمان لە لایەن خۆمانەوە تەواو کردووە و پاشان مامۆستا و فەرمانبەرانمان ئاگادار کردوونەتەوە. سەبارەت بەو ژمارە فەرمانانەی کە بۆمان هاتووە، تازەکان، لە سنووری هەشت هەزار زیاترن. هەموو ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەن کە پێشتر سوودمەند نەبوون و ناوەکانیان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و لە وەزارەتی شارەوانییەوە بۆ ئێمە. ئێستا تیمە هونەرییەکانمان سەرقاڵن و هەفتەی پێشوو دانیشتنێکمان کرد بۆ دوابڕیار لەسەر ئەو بابەتە. دەتوانم بڵێم تا 1ـی ئایار، هەموو نەخشە کەرتییەکان بە پەسندکراوی تەواو دەبێت.
رووداو: زەویتان لە بەردەستە بۆ ئەو هەشت هەزار فەرمانبەرەی کە جەنابت باسیان دەکەیت؟
سەلام بیلال: بەڵێ، زەویمان لە بەردەستە و نەخشە کەرتییەکانمان بە تەواوی ئامادە کردووە و نەخشە کەرتییەکانمان دەبێت تا 1ـی ئایار بە پەسندکراوی بێنەوە بۆ شارەوانی. لە لایەکی ترەوە، تیمەکانمان خەریکی یەکلاکردنەوەی ئەو ناوچانەن. ئەم پڕۆسەیەش پڕۆسەیەکی زۆر قورس و گرانە و زۆر لایەنی پەیوەندیداری دەوێت، وەک وەزارەتی داد و تەنانەت ئەنجوومەنی وەزیران، لەبەر ئەوە پڕۆسەکە کەمێک درێژخایەن دەبێت.
رووداو: ئەو 60 پارچە زەوییەی کە تاوەکو ئێستا دابەش کراون، هیچیان تاپۆ کراون؟ ئەمانەشی کە دابەش دەکرێن، ئەم زیاتر لە 8 هەزار فەرمانبەرەی کە ماون، یەکسەر بۆیان تاپۆ دەکرێت یان هەر ژمارەیان پێ دەدرێت؟ بە کورتی.
سەلام بیلال: 60 پارچە زەوی نەبووە. ئێمە ساڵی پار، نزیکەی 350 بۆ 400 پارچە زەویمان بەسەر خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی سەنگەر و شەهیدانی کیمیاباراندا دابەش کردووە.
رووداو: من مەبەستم تەنیا فەرمانبەران بوو.
سەلام بیلال: ئێمە هیچ شتێکمان نییە ناوی 60 پارچە زەوی بێت. شارەوانیی هەڵەبجە 60 پارچە زەویی دابەش نەکردووە، چونکە ئێمە هیچ تایبەتمەندییەک نادەین بە کۆمەڵێک کەس. نەخێر، هیچ 60 پارچە زەوییەک دابەش نەکراوە.
رووداو: ئەی چەند دابەش کراوە بەسەر فەرمانبەران؟
سەلام بیلال: ئێمە بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان، هەڵبەتە لەم ساڵانەی دواییدا دەڵێم، ئێستا دەست دەکەین بە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەراندا. هەنگاوی یەکەممان، دووبارەی دەکەمەوە، بەسەر ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەیە کە لە ساڵی 2005ـەوە فەرمانیان هەبووە و بە هەر هۆکارێک بووبێت سوودمەند نەبوون. ئەمانە ژمارەیان لە سنووری 350 بۆ 400 کەس دەبێت.