سەرۆکی شارەوانیی هەولێر: 38 هەزار و 400 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 400 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون و دڵنیاییش دەدات کە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو دوا فەرمانبەر کە شایستەیە، زەوی وەردەگرێت.
 
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەلە لە جێبەجێکردنی بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەکەین، کە دوای 16 ساڵ لە دەرچوونی بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت."
 
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، ناوی 82 هەزار فەرمانبەر گەڕاوەتەوە بۆ شارەوانی و گوتیشی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 38 هەزار و 400 پارچە زەویمان بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکردووە و پڕۆسەکە بە قۆناخ بەردەوام دەبێت."
 
سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنەکە، کارزان هادی روونیکردەوە، "ئەمجارە کارتی زەوی دابەش ناکرێت بۆ رێگریکردن لە کڕین و فرۆشتنی نایاسایی. دوای تەواوبوونی رێکارەکان، راستەوخۆ وێنەی تۆمار (تاپۆ) بە ناوی فەرمانبەرانەوە دەکرێت."
 
ئەو زەوییانەی دابەشدەکرێن، بەپێی ماستەرپلانی شاری هەولێر دیاریکراون. سەرۆکی شارەوانی دڵنیایی دایە فەرمانبەران و رایگەیاند، "تاوەکو فەرمانبەرێک مابێت سوودمەند بێت، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و رێگە نادرێت هیچ فەرمانبەرێک بێبەش بێت."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پلانیان هەیە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو گەڕەکانەی کە تازە دروست دەکرێن.