نرخی ماسی لە هەرێمی کوردستان 'بەرزترین ئاست' تۆماردەکات
رووداو هەولێر
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نرخی ماسی بە جۆرێک بەرزبووەتەوە کە تاوەکو ئێستا بەمشێوەیە نەبووە؛ هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکەش دەخاتەڕوو.
سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی کیلۆیەک ماسی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا لەنێوان 9 بۆ 10 هەزار دینارە؛ هیچ کاتێک هێندەی ئێستا نرخی ماسی بەم جۆرە بەرزنەبووەتەوە".
لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسییەوە ساڵانە زیاتر لە شەش هەزار تۆن ماسی بەرهەم دەهێندرێت؛ پێداویستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ماسی 12 هەزار تۆنە.
سیروان سەعید دەڵێت، دوو جۆر پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستاندا هەن؛ ئەوانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە و ئەوانەشی بێ مۆڵەتن؛ ئەوانەی مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیان هەیە، 405 پڕۆژەن و بەرهەمەکەیان ساڵانە سێ هەزار و 200 تۆنە؛ ئەوانەشی مۆڵەتیان نییە هێندەی ئەوانەن کە مۆڵەتیان هەیە و بەرهەمەکەشیان دەگاتە ئاستی ئەوانەی کە مۆڵەتیان هەیە.
جگە لە بەرهەمی نێوخۆ، سەرچاوەی ماسی بۆ هەرێمی کوردستان پارێزگاکانی عێراق، وڵاتانی ئێران و تورکیان.
سەبارەت بە هۆکارەکانی گرانبوونی ماسی، سیروان سەعید گوتی: "هۆکار زۆرن؛ بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسییەوە زیاتر لە سێ ساڵە هاوردەکردنی ماسی لە پارێزگاکانی عێراقەوە قەدەخەکراوە؛ نزیکەی ساڵێکیش بوو بە هەمان هۆکار رێگەمان نەدەدا ماسی لە ئێرانەوە هاوردەبکرێت".
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئێستا کاتی قەدەخەکردنی راوەماسییە لە هەرێمی کوردستان؛ هەروەها پڕۆژەکانی نێوخۆ لە مانگی شوباتەوە بەرهەمیان نابێت و سەرقاڵی بەخێوکردن دەبن و دواتر لە دەوروبەری مانگی تەمموز و ئابدا پێکەوە بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەوە.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسەکە نەماوە، ماوەی چەند رۆژێکە قەدەخەی هاوردەکردنی ماسییان لە ئێرانەوە هەڵوەشاندووەتەوە و رایگەیاند: "پێموایە لە یەک دوو هەفتەی داهاتوودا" گۆڕانکاری لە نرخدا روودەدات.