لە لوڕستان سێ کەس لە شارەوانیی ئەزنا بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
سێ کەس لە شارەوانیی ئەزنا لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی دەستگیرکران. داواکاری گشتیی ئەزنا دەڵێت، تۆڕێکی گەندەڵییان لە شارەوانیی شارەکە هەڵوەشاندووەتەوە و لە هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی دیکەی تۆڕەکە بەردەوامن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئایاری 2025، پەیوەندییە گشتییەکانی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای لوڕستان بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئیتڵاعاتی پارێزگاکەدا، سێ کەس لە شارەوانیی ئەزنا بە تۆمەتی "گەندەڵی دارایی و وەرگرتنی بەرتیل" دەستگیرکراون.
بە پێی راگەیێندراوەکە، عەلی گودەرزی، داواکاری گشتیی شاری ئەزنا رایگەیاندووە، "تۆڕێکی گەندەڵی لە شارەوانیی ئەزنا، کە خەریکی بەرتیلوەرگرتن، گەندەڵی، بەدەستهێنانی سەروەرت و سامان بە رێگەی ناشەرعی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بوون، دەستنیشانکران و دوای وەرگرتنی بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی داد دەستگیرکران."
داواکاری گشتیی شاری ئەزنا دەڵێت، "تاوەکو ئێستا سێ کەس لە ئەندامی تۆڕەکە دەستبەسەرکراون و دوای کردنەوەی دۆسیە بۆیان، لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەستیپێکردووە."
بە گوتەی داواکاری گشتیی شاری ئەزنا، بە تووندی و بەبێ هیچ چاوپۆشییەک رووبەڕووی هەموو جۆرە گەندەڵییەک لە دامودەزگە حکومییەکانی پارێزگاکە دەبنەوە.
عەلی گودەرزی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، دادگەییکردنی ئەو کەسانە دەستپێدەکات.