لە ماڵێکی دەربەندیخان دەست بەسەر 'تی ئێن تی و چەکی قورس'دا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
لە ماڵێکی دەربەندیخان دەست بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیدا گیرا. قائیمقامی قەزاکە دەڵێت، تی ئێن تی و نارنجۆکی تێدابووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سلێمان محەممەد، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێزەکانی نەهێشتنی تاوان دوای کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری لەسەر زاری یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە کە دەستگیرکرابوو، توانییان لە ماڵێکی گەڕەکی بانیخێڵانی دەربەندیخان دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنیدا بگرن و سێ تۆمەتباریش لە ماڵەکەدا دەستگیربکەن."
سلێمان محەممەد دەڵێت، "چەک و تەقەمەنییەکان لە جۆری نارنجۆک، تی ئێن تی، ئاڕپیجی و چەکی دیکەی قورس بوون."
پۆلیسی سلێمانی ئەم وێنانەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکێکی دەربەندیخان دەست بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیی بێ مۆڵەتدا گیرا و سێ تۆمەتباریش دەستگیرکران. pic.twitter.com/FYU4EXGJ5X
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 28, 2025
بە گوتەی قائیمقامی قەزای دەربەندیخان، "تاوەکو ئێستا بەتەواوی روون نییە ئەو کەسانە چ کارەن و بە چ مەبەستێک ئەو چەک و تەقەمەنییەیان هەڵگرتووە؛ لێکۆڵینەوە بەردەوامە."