بەڤیدیۆ.. نزیكەی 80 داعش لە كۆبانێ كوژراون

رووداو - کۆبانێ 

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی کۆبانێ، ژمارەیەکی زۆر تەرمی چەکدارانی داعش لەنێو شارەکە جێماوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ناوچانەی کە شەڕی نێوان چەکدارانی داعش و شەڕڤانانی تێدابوو، ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعشی لێ کوژراوە.

بەپێی  زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی تایبەتی یەکینەکانی  پاراستنی گەل YPG بۆ رووداو، ژمارەی تەرمی چەکدارانی داعش لەنێو کۆبانێ  70 تا 80 تەرم دەبێت.

رۆژی پێنجشەممە چەکدارانی داعش  هێرشیان کردە سەر کۆبانێ و لەچەند شوێنێک جێگیربوون، دوای سێ رۆژ شەڕکردن لەگەڵ شەڕڤانان هەموو ناوچەکان لەلایەن شەڕڤانانەوە کۆنترۆڵکرانەوە، داعش هەرچەندە سەرەتا لەرێگەی چەند خۆکوژێکەوە هێرشەکانی دەستپێکرد، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە ٨٠ چەکداری لەنێو شارەکە، شەڕی شەڕڤانانی یەپەگەیان دەکرد، سەرجەمیشیان لەو شەڕانەدا کوژران.

لە ئەنجامی ئەو ھێرش و پەلامارانەی داعش،201 هاونیشتمانی شەھیدبوون و 200 ی دیكەش برینداربوونە، ئێستا هەموو كۆبانێ لە چەكدارانی داعش پاككراوەتەوە.