ئەو کوڕەى خەسووى خۆى کوشت: لە داخى دایکم کوشتم
رووداو- هەولێر
هەیبەت منداڵى زاواکەی لەباوەشدا بوو ئەو کاتەی زاواکەى دەستدڕێژى گوللەى لێکرد، ئاواش بووە قەڵغان بۆ پاراستنى گیانى نەوەکەى. رووداوەکە بە کوژرانی هەیبەت و گەنجێکى دراوسێیان کۆتایى هات.
هەیبەت ئەحمەد، 55 ساڵ، دایکی 8 کوڕ و 4 کچە. رۆژی 13/6/2017 دواى پارشێوکردن لە حەوشەی ماڵەکەیدا لەلایەن (ف.ر)ی زاوایەوە کوژرا.
(ف)ی تەمەن 27 ساڵان، کە پێنج ساڵە لەگەڵ رابیعە سدیقی کچی هەیبەت هاوسەرگیریی کردووە.
(ف) ئێستا لە زیندانە و باسى هۆکارى کوشتنى خەسووى خۆى بۆ (رووداو) کرد و گوتی: "ئەو شەوە لەگەڵ دوو هاوڕێم تاوەکو درەنگ خواردمانەوە، نزیکەی کاژێر دووى شەو بوو لەگەڵ یەکێک لە برادەرەکانم چووینە کارگەیەک و لەوێ ماینەوە، ئەو نووست، منیش کە زۆر بێتاقەت بووم، سویچی ئۆتۆمبێلەکەی هاوڕێکەم هەڵگرت و رۆیشتم، لەناو ئۆتۆمبێلەکە هەندێک خواردنەوەی تێدا مابوو، ئەویشم خواردەوە، تەلەفۆنم بۆ ماڵی خەزوورم کرد و لەگەڵ کوڕە خەزوورەکەم بووە دەمەقاڵێمان، داوام لێکرد من و هاوژینەکەم لەیەکدى جیاببینەوە، چونکە بەیەکەوە نەدەگونجاین".
(ف) هەر ئەو شەوە بەئۆتۆمبێلى هاوڕێکەى دەچێتە بەردەم ماڵى خەزوورى و بە چەک هەڵدەکوتێتە سەریان. (ف) دەڵێت "بەبێ ئەوەى کەس ببینم، لەسەر دەرگاى حەوشەوە دەستڕێژی گوللەم لێکردن و هەڵاتم".
پێش ئەنجامدانی تاوانەکە (ف) و ماڵی خەزووری بۆ چارەسەری کێشەکە رێککەوتبوون. ئەو گوتى "پێش رووداوەکە لەگەڵ ماڵی خەزوورم دانیشتین و پێکهاتین، تەنانەت کوڕی خەزوورم پێیگوتم مانگانە 100 هەزار دینار دەدەمە باوکت، با ئەویش ژوورێکتان بداتێ و تێیدا بژین، بەڵام کاتێک هاتمە ماڵەوە دایکم نەیهێشت و گوتی خۆم سووتاندبێت ناهێڵم بێنەوە ئەم ماڵە".
(ف) دەڵێت، هۆکاری رووداوەکە ئەو قسانەی دایکی بووە و زۆر لەوە تووڕە بووە.
رابیعە سدیق نازانێت شین و رۆڕۆ بۆ مەرگى دایکی بکات یان بۆ لێکترازانى خێزانەکەى. ئەو بە گریانەوە گوتى: "هەموو شتێکم قبوڵ بوو، ئامادەبووم لە تەنیا ژوورێکدا بژیم، بەڵام هاوژینەکەم کاری نەدەکرد، هەرچییەکى دەستکەوتبایە بە مەشرووبى دەدا. دایکم یارمەتی دەداین".
رابیعە دەڵێت چەندینجار لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئەشکەنجە دراوە "بەردەوام بە شەق و زللە و دار لێیداوم".
بۆیە ماوەیەک پێش رووداوەکە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان سکاڵاى لەسەر هاوژینەکەی تۆمار کردبوو. رابیعە دەڵێت "شکاتم لێکرد و بە بەڵگەی پزیشکی و وێنەوە شوێنی لێدانەکانیم هەیە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، بەڵام دەستگیر نەکرا. زیاتر لە مانگێکە هاتوومەتەوە ماڵی باوکم، چونکە بێ ماڵ و پارە بووین".
بوختان بۆ کوڕەکەم دەکەن
لەبارەی شەوی رووداوەکەشەوە رابیعە گوتی "نزیکەی کاژێر یەکی شەو تەلەفۆنی بۆ کردم، بە تووڕەییەوە گوتى دایکم خانوومان ناداتێ. دواتر گوتی دەبێت هەمووتان بکوژم، منیش پەیوەندیم بە خەزوورمەوە کرد و پێمگوت کوڕەکەت هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکات، بەڵام ئەو گوتی وا نییە ئێوە بوختان بۆ کوڕەکەم دەکەن".
سەبارەت بە کاتى رووداوەکە رابیعە گوتى "لەسەر دەرگاوە دەستڕێژى گوللەى لێکردین، دایکم دەستنوێژى هەڵگرتبوو، پەلامارى کچەکەمى دا بۆ ئەوەى گوللەى بەرنەکەوێت، بەڵام گوللەیەک بەر خۆی کەوت".
سەباح سدیق، برای رابیعە باسی شەوێک پێش رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "ئێمە شەوێک پێش رووداوەکە لەگەڵ (ف) دانیشتین، بۆ ئەوەی ژیانیان لێ نەشێوێت برایەکم ئامادەیی دەربڕی هاوکارییان بکات و خۆمان خانووی بۆ بەکرێ بگرین، بەمەرجێک ببێت بە کەسێکی باش و خوشکەکەم بباتەوە، بەڵام دیارە ئەو لەگەڵ ماڵی باوکی شەڕی ببوو، هەڵیکوتایە سەر ئێمە و دایکم و گەنجێکی دراوسێمان کە هیچیان تاوانیان نەبوو، تێداچوون".
سەباح دەشڵێت: "دایکم زەکات و خێری خزمەکانى کۆدەکردەوە و لە دەستى زاواکەمانى دەکرد، دەیگوت با دوو منداڵەکەى سەرگەردان نەبن، بەڵام بەداخەوە ئەوە پاداشتی بوو".
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە (رووداو)ی گوت: "ئەو رووداوە بەهۆى کێشەیەکى کۆمەڵایەتى بووە و تۆمەتبارەکە لە ماوەى 24 کاژێردا دەستگیرکرا و لە لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا نا".