رووداو - هەولێر
لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ لە هەولێر خەسووی و دراوسێیەكی ماڵی خەسووی دەكوژێت و هەڵدێت. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش رایگەیاند، لەسەر رووداوەكە دوو كەس دەستگیركراون.
كاژێر 4ی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 13-6-2017 لە گەڕەكی 5ی حەسارۆكانی شاری هەولێر، كەسێك بەناوی (ف. ر.)، تەمەن 20 ساڵ خەسووی و دراوسێیەکیان دەکوژێت.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "بکوژەکە بە مەبەستی هێنانەوەی ژنەكەی دەچێتە ماڵی خەسووی، كە پێشتر لە ماڵ تۆرابوو، دوای ئەوەی رێگەنادەن بە گەڕانەوەی ژنەكەی، بە چەكی كڵاشینكۆڤ خەسووی و دراوسێیەكی ماڵی خەسووی، كە بۆ ناوبژیوان لەوێ بووە، دەكوژێت و هەڵدێت".
رائید هۆگر گوتی "لەو رووداوەدا، هەیبەت ئەحمەد حەسەن-ی تەمەن 55 ساڵ كە خەسووی بكوژەكەیە، لەگەڵ هێرش خزر حوسێن-ی تەمەن 25 ساڵ، كە دراوسێی ماڵی خەسووی بكوژەكەیە، کوژراون".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو ، تۆمەتباری سەرەكی رووداوەكە دەستگیرنەكراوە، بەڵام دوو كەس بە چەكەوە لە شوێنی رووداوەكە بوون، دەستگیركراون.
بکوژەکە و هاوژینەکەی دوو منداڵیان هەیە. هاوژینی بکوژەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئێمە کێشەمان نەمابوو، بڕیاربوو بڕۆمەوە ماڵەوە، بەڵام دوای پارشێو تەلەفۆنی کرد و گوتی بەڕێگاوەم دێم دەتانکوژم، ئێمەش فریای هیچ نەکەوتین، کە هات دایکمی کوشت و خۆیشم بریندار بووم".
کوڕێکی ئەو ژنەی لە رووداوەکەدا کوژراوە، دەڵێت "شەوی رابردوو بە شایەتی چەند کەسێک قسەی لەگەڵ زاواکەیان کردووە و بەڵێنیداوە کرێ خانووشیان بۆ بدات و پێداویستی رۆژانەشیان بۆ بکڕێت، زاواکەشیان گوتویەتی (ئەوەم بەسە و نابێ ئیدی کێشەمان هەبێ)، بەڵام بەیانییەکەی هاتووە ئەو کارەساتەی ناوەتەوە".
بەگوتەی کوڕی ژنە کوژراوەکە: "بکوژەکە لەگەڵ بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە کاردەکات و بە ئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگەش رۆیشتووە بۆ کوشتنی خەسووی".
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ