دەستەی گەشتوگوزار: دەیان هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ جەژنی قوربان دەیان هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، سەرقاڵی رێکخستەنەوەی نرخی هۆتێلەکانن بەجۆرێک نرخیان زیاتر نەبێ لە وڵاتانی دراوسێ.
رۆژی چوارشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە سەردان دەکەن؛ تاوەکو ئێستا دەیان هەزار گەشتیار روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە".
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکەن بۆ ئەم جەژنە کە ئەمڕۆ یەکەم رۆژیەتی، زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار بێنە هەرێمی کوردستان، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، "نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییەکانمان لە بازگەکان پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن؛ هێڵی گەرممان هەیە بۆ هاوکاری گەشتیاران ئەگەر ئاستەنگییەکیان بێتە پێش، تاوەکو ئێستاش کارەکان بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچن و هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە".
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزار باسی لەوەشکرد، لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان هاوئاهەنگی "باش"یان هەیە بۆ ئەوەی بە کەمترین کات رێکارە یاساییەکانی گەشتیاران جێبەجێ بکەن و لە بازگەکان دوانەخرێن.
زۆرکات گەشتیاران گلەیی بەرزی نرخی هۆتێلەکانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و بەتایبەت هەولێر دەکەن، لەوبارەیەوە ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، هۆتێلی براند هەیە، 1 ئەستێرە بۆ 5 ئەستێرە هەیە و نرخەکان جیاوازن، بەڵام لە ئێستادا سەرقاڵی رێکخستنەوەی نرخی هۆتێل و باجن لە هەرێمی کوردستان؛ گوتیشی: "دەمانەوێت نرخی هۆتێل بەشێوەیەک لێبکەین، کە لانیکەم لە وڵاتانی دراوسێمان زیاتر نەبێت".
گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیار لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. هەر بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی رابردوو شەش ملیۆن گەشتیار لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.