بەهۆی تەقینەوەی مینەوە هاونیشتمانییەک لە برادۆست گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە دەڤەری برادۆست لە پارێزگای هەولێر، بەهۆی تەقینەوەی مین هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای مین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شوێنەی تەقینەوەکەی تێدا بووە ناوچەیەکی مینڕێژکراوی جەنگی نێوان ئێران و عێراقە".
رووداوەکە ئەمڕۆ شەممە 28ـی حوزەیران لە کوێستانەکانی سەروکە لە دەڤەری برادۆست روویداوە.
جەبار مستەفا دەڵێت: "پێشتر بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاوە ئەو ناوچەیە هاتووچۆی تێدا نەدەکرا، ئێستا پەکەکە لەوێ نەماوە و خەڵک بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە، یان ئاسن و پاشماوە جەنگییەکان سەردانی دەکەن".
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی عوسمان سدیقە و خەڵکی دەڤەری برادۆستە.
سەرۆکی دەزگای مین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هۆشدارییان بە هاونیشتمانییان داوە سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن، بەڵام خەڵک پابەند نابێت.
بەگوێرەی ئاماری دەزگای مین بۆ رووداو، ئەم ساڵ 23 رووداوی تەقینەوەی مین لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، لە ئەنجامیاندا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسیش بریندار بوون.