کۆرپەیەک لە نزیک تەقتەق دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆرپەیەک لە بەردەم مزگەوتی گوندێک لە نزیک تەقتەق دۆزرایەوە و ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی کۆیە لەژێر چاودێریدایە. تەندروستیی کۆیە دەڵێت: "تەندروستیی منداڵەکە باشە".
 
کۆرپەکە لە بەردەم مزگەوتی ناحیەی ئیلنجاخ دۆزراوەتەوە و براوەتە نەخۆشخانەی تەقتەق و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی قەزای کۆیە کراوە لە پارێزگای هەولێر.
 
هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆرپەکە لە نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید دکتۆر خالیدە؛ رەگەزی نێرە و تەندروستی جێگیرە".
 
ئێستا کارمەندانی نەخۆشخانەکە خزمەتی کۆرپەکە دەکەن. گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆرپەکە دەمێنێتەوە تاوەکو دادوەر بڕیارێک لە بارەیەوە دەدات".
 
ئەو منداڵ یان کۆرپانەی دەدۆزێنەوە، بە بڕیاری دادوەر یان دەدرێنە خێزانی جێگرەوە، یان رەوانەی خانەی بێسەرپەرشتان دەکرێن.