ژمارەیەک لایەنی کوردستانی بەشداریی هەڵبژاردنی عێراق دەکەن؛ سەرۆک لیستەکان کێن؟

 
رووداو دیجیتاڵ

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی لیستەکانیان بۆ بازنەی پارێزگاکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق یەکلایی کردەوە و ئامادەکارییان بۆ هەڵبژاردن دەستپێکردووە.
 
بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت؛ 25ی ئایار یەکەم رۆژی تۆمارکردنی ناوی لیست و بەربژێرەکان بوو، دوایین رۆژیش 26ی حوزەیران.
 
لەم بەدواداچوونەدا، رووداو ناوی سەرۆک لیستەکانی پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ، هەڵوێست، بەرەی گەل، یەکگرتوو، کۆمەڵ، سۆسیالیست و بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاودەکاتەوە.
 
سەرۆک لیستەکانی پارتی
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رێبوار هادی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە پارێزگای هەولێر.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان ئەشواق جاف-ی بە سەرۆکی لیستی حیزبەکە لە پارێزگای سلێمانی دیاریکردووە، هەروەها د. فەرهاد ئەترووشی، سەرۆکی لیستی حیزبەکەیە لە پارێزگای دهۆک و  شاخەوان عەبدوڵڵاش سەرۆکی لیستە لە پارێزگای کەرکووک.
 
سەرۆک لیستەکانی یەکێتی
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆک لیستەکانی یەکلاییکردووەتەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی هەڵبژاردنی ئەو حیزبە بۆ رووداو، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیستی ئەو حیزبەیە لە پارێزگای هەولێر.
 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان د. رێکەوت حەمەڕەشیدی کردووەتە سەرۆکی لیستەکە لە سلێمانی؛ هەروەها رێبوار تەها، سەرۆکی لیستە لە کەرکووک و ئیمان عەبدولڕەزاق، سەرۆکی لیستی ئەو حیزبەیە لە دهۆک.
 
سەرۆک لیستەکانی نەوەی نوێ
 
بەگوێرەی میدیای نەوەی نوێ، سروە عەبدولواحید، سەرۆکی لیستەکەیان دەبێت لە پارێزگای سلێمانی؛  کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی لیست دەبێت لە بازنەی هەولێر؛ سلێمان مووسا، سەرۆکی لیستەکە دەبێت لە دهۆک.
 
هەروەها ئومێد محەممەد، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ دەبێت لە کەرکووک؛ ئیسماعیل خەسرەو، سەرۆکی لیست دەبێت لە نەینەوا و شوان جەلال، سەرۆکی لیستی جووڵانەوەکەیە لە دیالە.
 
رەوتی هەڵوێست
 
بەگوێرەی بەرپرسانی رەوتی هەڵوێست کە ئەمڕۆ شەممە بە رووداویان داوە، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتەکە سەرۆکی لیستەکەیانە لە هەولێر؛ غالب محەممەد، سەرۆکی لیستە لە سلێمانی و بەدەل بەرواری، سەرۆکی لیستەکەیە لە دهۆک.
 
هەریەکە لە عەلی حەمەساڵح و بەدەل بەرواری، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستانن. بەرپرسێکی رەوتی هەڵوێست ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاساییە پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە عێراق خۆی بەربژێر بکات، بەڵام کە دەرچوو تەنیا دەتوانێت لە یەکلایان دەوام بکات و لایەکەی دیکە دەبێت دەستلەکاربکێشێتەوە."
 
کۆمەڵ و یەکگرتوو
 
د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "محەممەد حەکیم، سەرۆکی لیستی حیزبەکەمانە لە سلێمانی و شوان رابەر، سەرۆک لیستە لە هەولێر."
 
لە دهۆکیش کۆمەڵی دادگەریی کوردستان وەلید قادر مستەفای کردووە بە سەرۆکی لیست.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئوسامە جەمیل، دەبێتە سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەولێر، د. موسەننا ئەمین لە سلێمانی و جەمال کۆچەر لە دهۆک سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە دەبن.
 
بەرەی گەل و سۆسیالیست
 
بەگوێرەی زانیاری بەرپرسانی بەرەی گەل بۆ رووداو، ژینۆ محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی لیستی بەرەکە دەبێت لە بازنەی هەولێر، بورهان رەشید ناسراو بە بورهانی رەشەی گوڵە، سەرۆکی لیستەکەیە لە سلێمانی.
 
هەر ئەمڕۆ، د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە شەش بازنە بەشداری هەڵبژاردن دەکەین و سەرۆک لیستەکانمان دیاریکردوون."
 
سەرۆک لیستەکانی سۆسیالت ئەمانەن: د.فەرهاد تۆفیق حەسەن، سەرۆکی لیست لە سلێمانی؛ شێرکۆ محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی لیست لە هەولێر؛ بایەزید ساڵح عەتۆ، سەرۆکی لیست لە دهۆک؛ دەماوەند جەلیل سەعید، سەرۆکی لیست لە دیالە و ئەحمەد فوئاد محەممەد، سەرۆکی لیست دەبێت لە پارێزگای نەینەوا.
 
بزووتنەوە ئیسلامییەکان
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، د. محەممەد بازیانی، گوتەبێژی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خۆمان ئامادە کردووە و بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەین."
 
هاوکات گۆران نووری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و هۆشیاریی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک بەربژێرمان دەبێت و لە دهۆک نیمانە."
 
گۆران نووری، سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی پەیوەندییە لە سلێمانی؛ لە هەولێر د. محەممەد بازیانی سەرۆک لیستە و د. یوسف حوسێن سەرۆکی لیستی ئەو حیزبەیە لە بازنەی کەرکووک.
 
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان یەکێک لەو لایەنانەیە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەکەن، بەڵام سەرۆکی لیستەکانیان یەکلایی نەکردووەتەوە.
 
بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت، "لە نزیکترین کاتدا ناوی سەرۆکی لیستی پارێزگاکان بڵاو دەکەینەوە."