نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا سەردانی هەولێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات. ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی باراک دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی چوار سەرچاوەی باڵای ئەمریکی کە قسەیان بۆ ماڵپەڕی (ئەل مۆنیتەر) کردووە و نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بڕیارە باراک کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانى سەردانەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 9ـی حوزەیراندا لەگەڵ سەرۆکوەزیران بارزانی داڕێژراوە و هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە کۆمەڵێک بابەتی بەپەلەی تایبەت بە سووریا و عێراق زیاتر پێویستییان بە کۆبوونەوەی رووبەڕوو هەیە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەگەری هەیە باراک بۆ یەکەمجار لە هەولێر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆببێتەوە. لەم دواییانەدا، عەبدی کۆبوونەوە دیپلۆماسییە ئاست بەرزەکانی لە هەولێر دەکات لەبری سووریا، وەک چۆن لە مانگی نیساندا لەگەڵ ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە.
هەسەدە، هاوپەیمانی سەرەکیی پێنتاگۆنە لە شەڕی دژی داعش لە سووریا. کوردانی رۆژئاوای کوردستان بە پاڵپشتیی ئەمریکا، لە گفتوگۆدان لەگەڵ دیمەشق بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندیدا. سەرچاوەکان بە "ئەل مۆنیتەر"یان گوتووە، سەرۆکوەزیران بارزانی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ باراک، داکۆکی لە کوردانی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) کردووە و پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەی هەولێریشدا بەردەوام بێت.
کۆدەنگییەکی فراوان هەیە لەسەر ئەوەی کە باراک، کە ملیاردێرێکی بواری خانووبەرەیە و رەگ و ریشەی لە ناوچەکەدایە، بەهۆی پەیوەندییە زۆر نزیکەکەی لەگەڵ ترەمپ، کاریگەریی زیاتری هەیە لە هەموو بڕیار و پێشهاتەکان.