لە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەراندا هەولێر یەکەم و سلێمانى دووەمە

رووداو دیجیتاڵ 

لە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە هەرێمى کوردستان پارێزگاى هەولێر لە پلەی یەکەم و پارێزگاى سلێمانى  لە پلەى دووەم دێت، زیاتر لە 1300 ئاوارەش لە هەرێمى کوردستان تۆمارى دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە.
 
جومانە غلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تاوەکو 26ى تەممووزى 2023 لە سنوورى پارێزگاى هەولێر 12 هەزار 996 کەس ناوى خۆیان نوێکردووەتەوە بە 699 دەنگدەرى کەمپى ئاوارەکانیشەوە. دوو هەزار و 691 کەس گۆڕانکاری و گواستنەوەى ناوەندى دەنگدانیان کردووە لەنێو خۆى پارێزگاکە و دەرەوەیدا. هەروەها 8730 کەس وەک دەنگدەرى نوێ ناوى خۆیان تۆمار کردووە.
 
53 ناوەندى تۆمارکردن لە سنوەرى پارێزگاى هەولێر هەیە و ژمارەى دەنگدەرانى یەک ملیۆن و 312 هەزار و 601  کەسە.  
 
جومانە غلاى رایگەیاند، لە پارێزگاى دهۆک و 8372 کەس نوێکردنەوەی تۆمارى دەنگدەرانیان کردووە، کە 285 دەنگدەریان لە کەمپى ئاوارەکان بوون و ناوى هەشت دەنگدەر سڕدراونەتەوە، 7447  کەس وەک دەنگدەرى نوێ ناوى خۆیان تۆمارکردووە. 
 
لە سنوورى پارێزگاى دهۆک 41 ناوەندی ناو تۆمارکردن هەن و ژمارەى دەنگدەرانى ئەو پارێزگایە 878 هەزار و 110 کەسە. 
 
سەبارەت بە سنووری پارێزگای سلێمانیش، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایکرد، لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى، 12 هەزار و 841  کەس تۆمارى دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە کە 319یان ئاوارەبوون و ناوى 29 کەس سڕدراونەتەوە و نۆ هەزار و 509 کەسى نوێ ناوى خۆیان تۆمار کردووە.
 
لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى 79 ناوەندى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران کراونەتەوە و ژمارەى دەنگدەرانى یەک ملیۆن و 441 هەزار و 855 کەسە.
 
لە 15ى تەممووزەوە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ناوەندەکانى تۆمارى دەنگدەرانى لە هەرێمى کوردستان کردەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە بڕیارە ئەو کۆمیسیۆنە سەرپەرشتی بکات.